مۆسکۆ هەڕەشەی خستەخوارەوەی مانگە دەستکردەکانی رۆژئاوا دەکات

مانگی دەستکرد
مانگی دەستکرد

K24 - هەولێر:

لە هەڕەشەیەکی نوێدا بۆ سەر وڵاتانی رۆژئاوا کە بە سەرکردایەتی ئەمەریکا پشتیوانی لە ئۆکرانیا دەکەن، رووسیا هۆشداریدا لەوەی کە رەنگە مانگە دەستکردەکان بەئامانج بگرن.

ئەمڕۆ چوارشەممە (30ـی تشرینی دووەمی 2022) ڤلادیمێر یەرماکۆڤ، بەڕێوەبەری بەشی نەهێشتنی بڵاوبوونەوە و کۆنترۆڵکردنی چەک لە وەزارەتی دەرەوەی رووسیا، ئاماژەی بەوەدا، رەنگە ئەو مانگە دەستکردە نیمچە مەدەنیانەی کە وڵاتانی رۆژئاوا بۆ پشتیوانی لە سوپای ئۆکرانیا بەکاریاندەهێنن، بکرێنە ئامانج.

یەرماکۆڤ لە لێدوانەکانیدا بۆ ئاژانسی سپۆتنیکی رووسی، گوتی "وڵاتانی رۆژئاوا چالاکانە تواناکانی ژێرخانی بۆشایی ئاسمانی مەدەنی بۆ هاوکاریکردنی هێزەکانی ئۆکرانیا، لە دیاریکردنی شوێن و جوڵەی هێزەکانی رووسیا بەکاردەهێنن".

هەڕەشەی بەئامانجگرتنی مانگە دەستکردەکان لەلایەن مۆسکۆوە، لە کاتێکدایە کە واشنتن زنجیرەیەک سزای توندی بەسەر مۆسکۆدا سەپاندووە، هاوکات هاوکارییەکی گەورەی ئابووری و سەربازی بە بەهای دەیان ملیار دۆلار پێشکەشی کیێڤ کردووە، ئەمەش پەیوەندییەکانی نێوان واشنتۆن و مۆسکۆی زیاتر تێکدا.

Fly Erbil Advertisment