چین.. ده‌یان هه‌زار حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا تۆماركران

K24 - هه‌ولێر:

ته‌ندروستیی چین تۆماركردنی 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنای راگه‌یاند.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 3ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، لیژنه‌ی ته‌ندروستیی نیشتمانی چین له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماری نوێی تووشبووانی كۆرۆنای بڵاوكرده‌وه‌ و به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌، 33 هه‌زار و 73 حاڵه‌تی نوێی كۆرۆنا له‌و وڵاته‌ تۆماركراون، سێ هه‌زار و 988 له‌و حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌، نیشانه‌كانی ڤایرۆسی كۆرۆنایان تێدا ده‌ركه‌وتووه‌ و 29 هه‌زار و 85 حاڵه‌تی دیكه‌ش نیشانه‌كانیان تێدا ده‌رنه‌كه‌وتوون.

هه‌ر به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی ته‌ندروستیی چین، ئه‌مڕۆ هیچ حاڵه‌تێكی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆناوه‌ تۆمارنه‌كراوه‌.

تۆماركردنی ئه‌م حاڵه‌ته‌ نوێیانه‌ له‌ كاتێكدایه‌، حكومه‌تی چین رێكاره‌كانی تایبه‌ت به‌خۆپاراستن له‌ ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چه‌ند شارێكی گه‌وره‌ی ئه‌و وڵاته‌ كه‌مكردووه‌ته‌وه‌، له‌وانه‌ش ئه‌و رێكارانه‌ی تایبه‌تن به‌ ئه‌نجامدانی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا و ماوه‌ی كه‌ره‌نتینه‌كردن. هه‌روه‌ها چاوه‌ڕێده‌كرێت، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژی داهاتوودا رێكاره‌كان كه‌متربكرێنه‌وه‌.

رۆژی یه‌كشه‌ممه‌ 20ـی تشرینی دووه‌می 2022، دوای شه‌ش مانگ یه‌كه‌م حاڵه‌تی گیانله‌ده‌ستدان به‌هۆی ڤایرۆسی كۆرۆنا له‌ چین تۆماركرا.