لەندەن.. شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووه‌وه‌

شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووه‌وه‌
شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان له‌گه‌ڵ فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست كۆبووه‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

لە بارەگای وەزارەتی دەرەوەی به‌ریتانیا، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و فەرمانگەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بەشی جێندەر، کۆبوونه‌وه‌.

نووسینگه‌ی راگه‌یاندنی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان ئه‌مڕۆ (شه‌ممه‌ 3ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: دوای کۆتاییهاتنی کۆنفرانسی نێودەوڵەتی دەستپێشخەری نەهێشتنی توندوتیژی جێندەری، شاندی حکومەتی هەرێم کە پێکهاتبووە لە دیندار زێباری رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتییەکان، کاروان جەمال تاهیر، نوێنەری باڵای حکومەتی هەرێم لە شانشینی یەکگرتوو و دکتۆرە خانزاد ئەحمەد ئەمینداری گشتی ئەنجوومەنی باڵای خانمان، له‌گه‌ڵ ئیڤان پارکس جێگری بەڕێوەبەری بەشی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و باکووری ئەفریقا  و رۆزی کەیڤ سەرۆکی یەکەی جێندەری لە وەزارەتی ده‌ره‌وه‌ی به‌ریتانیا، كۆبوونه‌وه‌.

شاندی حکومەتی هەرێمی كوردستان بابەتی مادەی 140ـی دەستووری عێراقیان خسته‌ڕوو، کە چارەنووسی ناوچە کێشە لەسەرەکانی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێم دیاری دەکات، جێبەجێکردنی ماددەکە سەکۆیەکە بۆ پێکەوەژیان و ئاشتەوایی نیشتمانی و ئاسایش و سەقامگیری، پێشخستنی رێوشوێنی دادپەروەری.

هه‌روه‌ها شاندی حکومەتی هەرێم تیشکیان خستەسەر هەماهەنگییەکانیان لەگەڵ تیمی لێکۆڵینەوەی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ پێشخستنی لێپرسینەوە لە تاوانەکانی داعش، شانده‌كه‌ ئاماژه‌یان به‌وه‌شكرد، كه‌ حکومەتی هەرێم پابەندبوونی  خۆی بۆ هێنانەدی دادپەروەری بۆ قوربانیانی داعش دووپاتدەکاتەوە.

له‌باره‌ی پرسی جێنده‌ری، سەرۆکی یەکەی جێندەر بە شاندی حکومەتی هەرێمی راگەیاند، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا پاڵپشتییەکانی چڕتردەکاتەوە بۆ بوژاندنەوەی پێوەرەکانی یەکسانی جێندەری لە هەرێمی کوردستان و بابەتەکانی دیكه‌ی پەیوەست بە جێندەر لە رێگەی ئەنجامدانی زنجیرەیەک وۆرکشۆپ و راهێنانی تەکنیکی.