زاگرۆس فەتاح: بە ئەلیکترۆنیکردنی گرێبەستەکان، رۆتین و گەندەڵی کەمدەکاتەوە

وەزارەتی پلاندانان گرێبەستە گشتییەکان بە ئەلیکترۆنی دەکات

.
.

K24 - هەولێر

بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایدەگەیەنێت، بە ئەلیکترۆنیکردنی گرێبەستەکان، رۆتین و گەندەڵی و بە هەدەردان کەمدەکاتەوە.

زاگرۆس فەتاح، بریکاری وەزارەتی پلاندانانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە کوردستان24ی راگەیاند، لە ئەمڕۆوە سیستەمی بە ئەلیکترۆنیکردنی گرێبەستە گشتییەکان دەستپێدەکات، کە یەکێکە لە ئەجنداکانی کابینەی نۆیەم.

گوتیشی: "لە سەرەتای دەستبەکاربوونی کابینەی نۆیەم، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان کۆمەڵێک ئەجندای دانا، جگە لە گەیاندنی خزمەتگوزاری ئەلیکترۆنی، شەفافیەت، کەمکردنەوەی رۆتین و نەهێشتنی گەندەڵی، ئەمە پاکێجێکی کابینەی نۆیەمە و وەزارەتی پلاندانان توانی لە رێگەی بە ئەلیکترۆنی کردنی گرێبەستە گشتییەکان پڕۆژەیەک و بەرنامەیەک پێشکەش بکات بۆ جێبەجێکردنی ئەجندای حکومەت".

روونیکردەوە، گرێبەستی گشتی مەبەست لەو پڕۆژە و خزمەتگوزاریانەیە کە حکومەت لە کەرتی تایبەت وەریدەگرێت دەبێت رێکبخرێت و بەشێوەیەکی شەفاف بێت و گرێبەستی هەبێت، وەکخۆی دەڵێت: "ساڵانی رابردوو ئەو کارانە بەشێوەیەکی کلاسیک کراون".

بریکاری وەزارەتی پلاندانان ئاماژەی بەوەشکرد، بۆ دروستکردنی ئەو سیستەمە حکومەتی هەرێم هەماهەنگی لەگەڵ ئاژانسێکی کۆری کردووە، بۆ ئەوەی گرێبەستە گشتییەکان بە ئەلیکترۆنی بکەن.

راشیگەیاند، جێبەجێکردنی گرێبەستە گشتییەکان لە قۆناغی یەکەم لە شەش دەزگای حکومەت دەستیپێکردووە، کە بریتین لە وەزارەتی کشتوکاڵ، وەزارەتی کارەبا، وەزارەتی تەندروستی، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و پارێزگای هەولێر، هەر دامەزراوەیەک پڕۆژەیەکی هەبێت لە رێگەی ئەو سیستمە رایدەگەیەنێت، هەموو کۆمپانیاکان لەناوخۆ و دەرەوە یاگاداری ئەم تەندەرە دەبن و دەتوانن بەشداری بکەن.

Fly Erbil Advertisment