لە سلێمانی کامێرایەکی تۆمارکردنی تیژڕەوی شکێنرا

کامێرای تیژڕەوی لە سلێمانی
کامێرای تیژڕەوی لە سلێمانی

K24 - سلێمانی:

لە سلێمانی جارێکی دیکە کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی شکێنرا و تا ئێستا هۆکارەکەی ئاشکرا نەبووە.

ئارام بەختیار، پەیامنێری کوردستان24 لە شوێنی رووداوەکە ئاماژەی بەوەکرد، کامێرای تۆمارکردنی تیژڕەوی لە نزیک پردی کۆبانێ لە شەقامی 60 مەتری سلێمانی شکێنراوە و پێدەچێت گولـلەی بەرکەوتبێت.

گوتیشی، "تا ئێستا هێزە ئەمنییەکان هیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر هۆکاری رووداوەکە و بکەرەکانی ئاشکرا نەکردووە".

ئەوە سێیەمجارە کامێرای دیاریکردنی تیژڕەوی لە نزیک پردی کۆبانێ تێکدەدرێت، پێشتر دووجار شێوێنراوە و بۆیاغکراوە.

لە ئابی ساڵی 2021، هێزە ئەمنییەکان کەسێکیان بە تۆمەتی  شێواندنی کـامێرای هاتووچۆی نزیک پردی کۆبانێ دەستگیرکرد.

بە گوتەی پۆلیس، "تۆمەتبارەکە ھۆکاری شێواندنی کامێراکەی بۆ ئەوە گەڕاندبووە چەندینجار سەرپێچى تیژڕەوى کردووە و وێنەی گیراوە".

 لە ماوەی رابردووشدا چەند جارێکی تەقە لە کامێراکانی تۆمارکردنی تیژڕەوی پۆینت تو پۆینت (خاڵ بۆ خاڵ) لە سەر رێگای سلێمانی دوکان کرا کە لەلایەن کۆمپانیایەکی کەرتی تایبەتەوە جێبەجێدەکرێت.

Fly Erbil Advertisment