لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر پێشنیازێک لەبارەی قەرزەکانی هاووڵاتیی و فەرمانبەران دەخرێتەڕوو

K24 - هەولێر
ئەمڕۆ ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بۆ چەند پرسێک کۆدەبێتەوە، بەگوێرەی بەرنامەی کاری کۆبووونەوەکە سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەن، یاداشتێک سەبارەت بە کێشە و گرفتەکانی هاووڵاتییان پێشکەش دەکات و پیشنیازێک لەبارەی قەرزی فەرمانبەر و هاووڵاتییان ئاراستەی دەخرێتەڕوو.
کەنعان خەیلانی، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر بە کوردستان24ی راگەیاند، کۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجومەن تایبەت دەبێت بە چەند پرسێک، لەوانە دەنگدان دانانی بەڕێوەبەری ناحیە بۆ ناحیەکانی هەریر و باسرمە لە سنووری قەزای شەقڵاوە و دێگەڵە لە سنووری قەزای کۆیە.
بڕیارە لە کۆبوونەوەکەی ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی یاداشتێک لەبارەی کێشەکانی هاووڵاتییان لەنێویاندا قەرزەکان بخاتەڕوو، لەوبارەوە کەنعان خەیلانی گوتی: "لە یاداشتەکەدا دەمانەوێت پێشنیازبکەین بۆ وەزارەتی دارایی کە قەرزەکانی فەرمانبەران کە وەک پێشینە لە حکومەتیان وەریانگرتووە و بەهۆی قەیرانی دارایی لە دوای ساڵی 2014 نەیانتوانیوە بیدەنەوە، بۆیان بخرێتە سەر مووچەکانیان، واتا لە مووچەکانیان ببڕدرێت، چونکە فەرمانبەر لە چەند ساڵی رابردوو بەهۆی دواکەوتنی مووچە نەیانتوانیوە پابەندی رێنماییەکانی وەزارەتی دارایی بن و لەکاتی خۆیدا قەرزەکان بدەنەوە".
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجومەنی پارێزگای هەولێر ئاماژەی بەوەشکرد، تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەی ئەمڕۆیان تایبەت دەبێت بە دانانی ئەنجومەنی شارەوانی لە سنووری ناحییەکان، بۆ ئەوەی کاروباری ناحیەکان و خزمەتگوزاری زیاتر بۆ هاووڵاتییان دابین بکرێت.
کەنعان خەیلانی، گوتیشی: "لە کۆبوونەوەی ئەمڕۆماندا باس لە فراوانبوونی گوندەکان و گرفتەکانی بەردەم گوندنشینان دەکەین، چونکە بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە لە گوندەکان مامەڵە و رۆتینی زۆری دەوێت، پێویستە ئاسانکاری زیاتر بکرێت، چونکە دیدگای سەرۆکی حکومەت و ئامانجی کابینەی نۆیەمی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەیە کە گرنگی زیاتر بە کەرتی کشتوکاڵ بدرێت، بۆ ئەمەش دەبێت هەموو ئاسانکارییەک بکرێت بۆ بوژانەوەی گوندەکات".