دەستەی دەستپاکی: 77 دۆسیە لە دادگاکان یەکلاییکراونەتەوە

"ئەمساڵ 203 دۆسیە رەوانەی دادگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کراون و ئەمەش لە ساڵانی رابردوو زیاترە"

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان
ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی ئاشکرایکرد، ئەمساڵ 713 دۆسیەی تازەی گەندەڵی لە هەرێمی کوردستان تۆمارکراون و، 77 دۆسیەش لە دادگاکان یەکلاییکراونەتەوە.

ئەحمەد ئەنوەر، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئامار و دەۆسیەکانی گەندەڵی خستەڕوو.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی رایگەیاند، ئەمساڵ 487 دۆسیەی تازەی گەندەڵی کە سزایین، لەگەڵ 226 دۆسیەی هەواڵدەری تۆمارکراون و سەرجەمیان دەکاتە 713 دۆسیە و بە دۆسیەکانی ساڵانی رابردووە دەکاتە 976 دۆسیە و ئێستا لێکۆڵینەوەیان تێدا دەکرێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، ئەمساڵ ژمارەی دۆسیەکان زیادیانکردووە، ئەمەش مانای ئەوەیە هەموو لایەنەکان روو لە دەستەکەیان دەکەن و زانیارییان پێدەدەن.

ئەحمەد ئەنوەر ئاشکراشیکرد، ئەمساڵ 203 دۆسیە رەوانەی دادگاکانی هەولێر و سلێمانی و دهۆک کراون و ئەمەش لە ساڵانی رابردوو زیاترە.

سەبارەت بە فۆڕمی ئاشکراکردنی سامانی بەرپرسان، سەرۆکی دەستەی دەستپاکی گوتی، زیاتر لە 1800 فۆڕمی ئاشکراکردنی سەروەت و سامانی بەرپرسان گەڕاونەتەوە و پڕۆسەکەش بەردەوامە.

ئەوەشی خستەڕوو، دەسەڵاتی دادوەری ژمارەیەک دادوەریان تەرخانکردووە بۆ دادگاکانی لێکۆڵینەوەی دەستپاکی، بەڵام جارێکی دیکە داوا دەکەن دادگایەک تەرخان بکرێت بۆ یەکلاییکردنەوەی زووتری کەیسەکانی گەندەڵی.

ئەحمەد ئەنوەر دەڵێت: رەوانەکردنی دۆسیەکان و پرۆسەکانی دادگاییکردن پەیوەندی بە دەستەی دەستپاکییەوە نییە و کاری دادوەرەکانە و بڕیاری کۆتاییش هەر لای دادوەرەکانە.

سەرۆکی دەستەی دەستپاکی لە کۆنفراسەکەدا ئاماژەی بە سێ پڕۆژە کرد کە ئێستا ئەنجامدەدرێن، یەکەمیان ئامادەکردنی فەرهەنگی یاساییە بە زمانی کوردی کە بەهاوبەشی لەگەڵ پەرلەمان و وەزارەتی داد و ئەنجوومەنی دادوەری بەرێوەدەچێت.

پڕۆژەی دووەم، دانانی چەمکەکانی دادوەرییە لە  پرۆگرامەکانی خوێندن کە بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بەڕێوەدەچێت.

هەروەها پڕۆژەی هەڵسەنگاندنی مەترسییەکانی گەندەڵی لە بواری توێژینەوەی زانستی بە هاوبەشی لەگەڵ وەزارەتی خوێندنی باڵا بەڕێوەدەچێت.

Fly Erbil Advertisment