دوایین زانیاری له‌باره‌ی دامه‌زراندن له ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق تاوه‌كو ئێستا فۆرمی پێشكه‌شكردن بۆ دامه‌زراندن له ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كارانهكردووه و دامه‌زراندنیش ته‌نها بۆ دانیشتووانی سنووری هه‌رێمی كوردستان ده‌بێت.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (8ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، كاروان خۆشناو، گوته‌بێژی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوور - ناوچه‌ی یه‌ك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، تاوه‌كو ئێستا وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق، لینكی پێشكه‌شكردن بۆ دامه‌زراندن له ریزه‌كانی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور كارنه‌كراوه.
كاروان خۆشناو، ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له داهاتوویه‌كی نزیكدا، لینكی پێشكه‌شكردن كارده‌كرێت و كه پێشكه‌شكردنی داواكاری بۆ دامه‌زراندن له ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور به‌شێوه‌ی ئه‌لیكترۆنی ده‌بێت.
هه‌روه‌ها جه‌ختی له‌سه‌ر ئه‌وه‌شكردووه، ئه‌و دامه‌زراندنه‌ی له ریزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور راده‌گه‌یه‌ندرێت بۆ فه‌رمانده‌ی ناوچه‌ی یه‌كه كه له هه‌رێمی كوردستانه، بۆیه ته‌نها دانیشتووانی پارێزگاكانی هه‌رێمی كوردستان مافی پێشكه‌شكردنیان هه‌یه بۆ دامه‌زراندن.
رۆژی سێشه‌ممه (6ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، حه‌ماده دزه‌یی، به‌رپرسی فه‌رمانده‌ی پاسه‌وانی سنوور - ناوچه‌ی یه‌ك به كوردستان24ـی راگه‌یاند، سێ هه‌زار كه‌س له ریزه‌كانی هێزه‌كانی پاسه‌وانی سنوور داده‌مه‌زرێندرێن.