سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق یادی سەرکەوتن بەسەر داعش دەکەنەوە

پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری دژی داعش
پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ یه‌كێك له‌ سه‌نگه‌ره‌كانی به‌رگری دژی داعش

K24 – هەولێر:

هەرسێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق بەبۆنەی رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعش بەجیا پەیامی پیرۆزبایی بڵاودەکەنەوە و جەخت لەسەر یەکڕیزی هەموولایەنەکان دەکەنەوە بۆ تێکشکاندنی تیرۆر.

لە پەیامێکدا، لەتیف رەشید، سەرۆککۆماری عێراق ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعش، یادکردنەوەی قوربانیدانەکانی گەلەکەمانە لە بەرەنگاربوونەوەی ئەو ئازارەی بەهۆی هێرشی تیرۆرەوە لە موسڵ، شنگال و شارەکانیتر چەشتیان.

سەرۆککۆماری عێراق، ستایشی یەکڕیزی گەلی عێراق و هەموو پێکهاتەکانی هێزە ئەمنییەکان کردووە بوونەی هۆی سەرکەوتن و شکستپێهێنان بە تیرۆر.

پەیامی سەرۆککۆماری عێراق
پەیامی سەرۆککۆماری عێراق

لەلایەن خۆشییەوە، محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پەیامەکەیدا بەبۆنەی رۆژەی سەرکەوتن بەسەر داعش، جەختی لەسەر گەڕانەوەی ئاوارەکان و ئاوەدانکردنەوەی ناوچە زیانپێگەیشتووەکان بەهۆی جەنگی تیرۆرەرو کردووەتەوە لەگەڵ مسۆگەرکردنی مافی شەهیدان وبرینداران.

پەیامی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق
پەیامی سەرۆکی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق

هەروەها محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، ستایشی بڕیاری مەرجعییەی باڵای نەجەفی کردووە بۆ فتوای شەڕکردن دژی تیرۆر و ئاماژەی بەوەکردووە، رۆژی 10ی کانوونی یەکەم وەک ناونیشانی قارەمانییەتی بۆ عێراقییەکان دەمێنێتەوە.

سوودانی ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرکەوتن بەسەر داعش، شکۆمەندییەکە بۆ هەموو ئەوانەی رۆڵیان لەم سەرکەوتنە هەبووە و دەبێتە هاندەرێک بۆ بنیاتنان وڵات و خزمەتکردنی خەڵک.

پەیامی سەرۆکوەزیرانی عێراق
پەیامی سەرۆکوەزیرانی عێراق

سێ سەرۆکایەتییەکەی عێراق لە پەیامەکانیاندا بەبۆنەی یادی رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعش، بەهیچ جۆرێک ئاماژەیان بەناوی هێزی پێشمەرگەی کوردستان نەکردووە کە رۆلی سەرەکییان هەبوو لە رزگارکردنی موسڵ و شنگال و تێکشکاندنی داعش.

بە بڕیاری ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، لە ساڵی 2017ـەوە، 10ـی کانوونی دووەم/دیسێمبەری هەموو ساڵێک بە رۆژی سەرکەوتن بەسەر داعش داناوە، وەک یادکردنەوە بۆ راگەیاندنی سەرکەوتن بەسەر داعش بە رزگارکردنی شاری موسڵ.