شەپۆلێکی بارانبارین و بارستە هەوایەکی سارد هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە
K24 – هەولێر
کەشناسی رایگەیاند، شەپۆلێکی بارانبارین و بارستە هەوایەکی سارد هەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و چەند رۆژێک کاریگەرییەکانی بەردەوام دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسی و بومەلەرزەزانی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، رۆژی سێشەممە هەرێمى کوردستان دەکەوێتە ژێر کاریگەرى رەوشێکى ناسەقامگیرى کەشوهەوا، کە بۆ ماوەى سێ رۆژبەردەوامى دەبێت.
بەگوێرەی راپۆرتی پێشبینییەکانی کەشناسی، لە بەرەبەیانى رۆژى سێ شەممە کاریگەرى نزمە پاڵەپەستۆى دەریاى ناوەڕاست روو لە ناوچەکە دەکات، بارانبارین بە شێوەى نمە باران لە ناوچەى جیا جیا دەستپێدەکات، لەگەڵ بارانبارین بارستە هەوایەکى ساردیش روو لە ناوچەکە دەکات، ئاستى باران مامناوەند دەبێت و هەروەها لەگەڵ بارانبارین لەسەر لووتکەی شاخە بەرزەکان بەفریش دەبارێت .
کەشناسی راشیگەیاندووە، کاریگەرى ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان بەشێوەى نمە باران و بارانى مامناوەند دەبێت، بە گشتى و کاریگەرى ئەم شەپۆلە رۆژى پێنجشەممە کۆتایی دێت.