پڕۆژە بڕیاری رێزگرتن لە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی لەسەر مێزی بایدنە

K24 - واشنتن

پڕۆژە بڕیاری رێزگرتن لە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی، لە هەردوو ئەنجومەنی نوێنەران و پیرانی ئەمەریکا دەنگی زۆرینەوەی بەدەستهێنا و نێردراوەتە سەر مێزی جۆ بایدن بۆ پەسەندکردن، بایدن رایگەیاند بە شانازییەوە پەسەندی دەکات.

بەگوێرەی راپرسییەکان، بەشێکی زۆری خەڵکی ئەمەریکا پشتگیری لە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی دەکەن، بەڵام بەشێکیان کە (کۆنسێرڤاتیڤەکانن) پارێزگارەکانن دژی ئەو بڕیارەن.

بەپێی دەستەی ئاماری نیشتمانیی ئەمریکا نزیکەی 710 هەزار پڕۆسەی هاوسەرگیری هاوڕەگەزی لە وڵات تۆمارکراون.

پێجشەممەی رابردوو (8ی کانوونی دووەمی 2022) کۆنگرێسی ئەمەریکا بە زۆرینەی دەنگ پڕۆژە بڕیاری پاراستنی هاوسەرگیری هاوڕەگەزی پەسەندکرد، بە 258 دەنگی بەڵێ کە 38یان کۆماری بوون بەرامبەر بە 169 دەنگی نەخێرلە ئەنجومەنی نوێنەران تێپەڕێندرا. پڕۆژەبڕیارەکە 61 دەنگی ئەنجومەنی پیرانیشی بەدەستهێنا، پڕۆژە بڕیارەکە ئێستا لەسەر مێزی جۆ بایدنە، بۆ ئەوەی ببێتە یاسا، دەبێت بایدن واژۆی لەسەر بکات.

بەگوێرەی راپرسییەکان کۆمەڵگەی ئەمەریکا بە فراوانی پێشوازی لە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی دەکەن، بەشێوەیەک 70%یان پێیانوایە دەبێت رێزی لێ بگیرێت.

سەبارەت بەو پڕۆژە بڕیارە خەڵکی ئەمەریکا راوبۆچوونی جیاوازیان هەیە، ئەندێرا مارتیشی، پزیشکێکی دانیشتووی واشنتنە بە کوردستان24ی گوت: "خەڵکی هاوڕەگەزخواز پێویستە مافی ئەوەیان هەبێت هاوسەرگیری لەگەڵ یەکدی بکەن، سەیرە لە هەندێک وڵات و ویلایەت رێگە بەوە نادرێت. پێموایە لەم سەدەیەدا دەبێت هەموو کەس ئازاد بێت هاوسەرگیری لەگەڵ کێ دەکات و لەگەڵ بێت".

نۆڕمان شیراد، مامۆستای خانەنشینە لە واشنتن دەڵێت: "هەموو کەس مافی خۆی هەیە، هاوڕەگەزخوازانیش بە هەمان شێوە، با ماف بە هەموو کەس بدەی، من چەند برادەرێکم لە کۆمەڵگەی هاوڕەگەزخوازان هەن، ئەوان وەک هەر کەسێکی دیکەن، من  پشتگیری لەوە بڕیارە دەکەم کە لە کۆنگرێس پەسەندکرا".

لە 32 ویلایەتی ئەمەریکا رێگە بە هاوسەرگیری هاوڕەگەزی دەدرێت، ئەگەر ئەو پڕۆژەبڕیارە ببێتە یاسا، ویلایەتەکانی دیکە ناچاردەکرێن رێز لەو کەسانە بگرن و مافەکانیان دەپارێزرێت.  هاوڕەگەزخوازی لای بەشێک لە ئەمەریکییە کۆنسێرڤاتیڤەکان پەسەندکراو نییە و بە شتێکی باشی نازانن.