لوقمان وەردی: تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتییە
کوردستان24 لە رووماڵێکدا لایەنە سیاسییەکان کۆدەکاتەوە

K24 – هەولێر
جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت، لە ساڵی 2005ـەوە پارتی و یەکێتی حکومەتیان پێکەوە پێکهێناوە هەندێک جار بەرز و نزمی لە پەیوەندییەکانیان هەبووە، بەڵام هیچ کات وەکو ئێستا نەگەیشتووەتە ئەم ئاستەی تیمی وەزاری بەیاننامە دژی یەکتر دەربکەن، دەشڵێت: "تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتییە و پێویستە بۆ گفتوگۆ دەستپێشخەری بکات".
لوقمان وەردی، جێگری سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی نیشتمانی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان لەمیانی بەشداریکردنی لە رووماڵێکی تایبەتی کوردستان24 لەبارەی دۆخی ئێستای هەرێمی کوردستان گوتی: "بەداخەوە ئێستا ئێمە لە قۆناغێکی ناخۆشداین، پارتی و یەکێتی دوو هێزی رەسەنی ئەم وڵاتەن، ئێستا پەیوەندییەکانی ئەو دوو هێزە بەوپەڕی ناخۆش و خراپدا گوزەر دەکات، مێژوو ئەوەی سەلماندووە دەبێ ئێمە پێکەوەبین و پێکەوە ئەو ئەزموونە سەربخەین، هەروەها حیساب بۆ یەکتر بکەین و یەکتر بخوێنینەوە، رابردوو ئەوەی سەلماندووە هەرکاتێک ئەو دوو هێزە تەبا و یەکگرتوو بووبن دۆستەکانمان زیاتر دەستی هاوکارییان بۆ درێژکردوین و نەیارەکانیشمان زیاتر سڵیان لێکردوینەتەوە، بۆیە درێژەدان لەسەر ئەم دۆخەی ئێستا و بەردەوامبوون لەسەر ناکۆکییەکان و قوڵکردنەوەی برینەکان، نە خزمەت بە پرۆسەی سیاسی لە هەرێمی کوردستان دەکات و نە هیچ لایەنێکیش لەو دۆخە قازانج دەکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، رێگە راستەکە ئەوەیە پارتی و یەکێتی لەسەر مێزی گفتوگۆ دابنیشن و بە روون و رەوانی کێشەکانیان باس بکەن و لەسەر ئاستی باڵادا کۆببنەوە.
دەشڵێت: "رۆژانە دەستێوەردانی دەرەکی لە دۆخی ناوخۆی هەرێمی کوردستان هەیە و زەویی و ئاسمانی پارێزراو نییە، ئەمەش یەکێکە لە مەترسییەکان، ئەمەش ئەوەمان لێدەخوازێت کە یەکگرتووبین".
لوقمان وەردی، گوتیشی: "پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەردانیکردنی لایەنەکان جموجۆڵێکی نوێی دەستپێکردووە، بەڵام دەبوایە لە سەرەتادا شاندەکەیان سەردانی یەکێتیان کردبایە"
ئەوەشی خستەڕوو، نیەتی گفتوگۆ لە هەردوولادا هەیە، بەڵام ماوەتەوە کێ دەستپێشخەری دەکات، هەر لایەنێکی ئەوە بکات گەورەی بۆخۆی تۆمار دەکات و گوتی: "یەکێتی نیەتی چارەسەرکردنی کێشەکانی هەیە".
دەشڵێت: "لە ساڵی 2005ـەوە پارتی و یەکێتی حکومەتی هاوبەشمان پێکهێناوە، پەیوەندییەکان زۆرجار بەرزی و نزمی تێکەوتووە، بەڵام نەگەیشتووەتە ئەو ئاستە وەکو ئێستا تیمی وەزاری بەیاننامە لە دژی یەکتر دەربکەن، بۆیە دەبێت ئەمە بوەستێندرێت، لە ئێستادا تۆپەکە لە گۆڕەپانی پارتی دایە پێویستە دەستپێشخەری بکات".
جەختدکاتەوە بە تێکچوونی پەیوەندییەکانی پارتی و یەکێتی دۆخی تەواوی هەرێمی کوردستان خراپ دەبێت، پێچەوانەکەشی بە قازانجی خەڵکی هەرێمی کوردستان و هەردوولا دەشکێتەوە.
به مهبهستی درووستكردنی زهمینهی ئاشتهوایی له نێوان لایهنه سیاسییهكانی ههرێمی كوردستان و گێڕانی ڕۆڵێكی میدیایی نیشتمانیانه، دامهزراوهی میدیایی كوردستان24، وهك ئهركێكی نیشتمانی دهستپێشخهری ئاشتهوایی له ژێر هاشتاگی " #بەیەکەوەبوون_کوردستان_بەهێزتر_دەکات" ههڵمهتێكی میدیایی دهستپێكردووه و له میانیدا بۆچوونی سهرجهم لایهنه سیاسیی و كهسایهتییه نیشتمانی و نهتهوهییهكان به ئامانجی لهیهك نزیككردنهوهی لایهنهكان و چارهسهری كێشهكان دهخاتهڕوو.