لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق: دۆسییەی خۆراكی زیندانییەكان یەكێكە لە دۆسییە مەترسیدارەكان
"له عێراق له نێوان 75 بۆ 100 هەزار زیندانی ههیه"

K24 - ههولێر:
بەگوێرەی لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونێكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق، دۆسییەی خۆراكی زیندانییەكان یەكێكە لە دۆسییە مەترسیدارەكانی گەندەڵی، كە ساڵانە بە ملیاران دینار تێیدا بەھەدەردەدرێت.
مستەفا جەبار، ئەندامی لیژنەی دەستپاکی لە پەرلەمانی عێراق، رایگەیاند، ژمارەی زیندانیان لەو وڵاتە لە نێوان 75 هەزار بۆ 100 هەزار کەسدایە.
ئاماژەی بەوەشدا، تێچووی سێ ژەمە خواردن بۆ هەر زیندانییەک بەپێی ئەو گرێبەستەی لە نێوان وەزارەتی داد و کۆمپانیای بەڵێندەر ھەیە، 10 ھەزار دینارە و ئەم پارەیەش لە خەزێنەی دەوڵەتەوە خەرجدەكرێت.
ئەو ئەندامەی لیژنەی دەستپاكی روونیشیكردەوە، بەپێی بەداواچوونەكانیان بەھای ھەر ژەمە خواردنێك لەو خواردنانە لە 5 ھەزار دینار تێپەرناكات و خواردنێكی باشیش نییە و زۆربەی زیندانییەكان رەتیدەكەنەوە.
دەشڵێت، ئەو قازانجەی کە لە بەرژەوەندی کۆمپانیا بەڵێندەرەکاندایە زۆر گەورەیە و مانگانە دەگاتە 14 ملیار دینار و ساڵانە نزیکەی 170 ملیار دینارە، کە دەکاتە یەک ترلیۆن و 18 ملیار دیناری عێراقی لە ماوەی حەوت ساڵدا.
ئهوهشی خستهڕوو، سوودی راستەقینەی ئەم كارە وەک قازانج تۆمارناکرێت و ناگەڕێتەوە بۆ خەزێنەی دەوڵەت، بەڵکو تەنیا چەند كەسانێك لێیەوە سوودمەند دەبن و ئەمەش دەچێتە خانەی گەندەڵییەوە.
مستەفا جەبار جهختی لهوهش كردهوه، دۆسییەكە رادەستی دەستەی دەستپاکی کراوە و لەلایەن دەسەڵاتی دادوەریشەوە پێداچوونەوەی بۆ كراوە.
ئەمەش لەكاتێكدا كە خالد شوانی، وەزیری دادی حكومەتی عێراق دوای وەرگرتنی پۆستی وەزیری داد لە مانگی تشرینی یەکەمی رابردوو، رایگەیاند، کۆتایی بەم دۆسییە دەهێنێت، جا چ لەڕووی کوالێتی خۆراک یان تێچووی داراییەوە بێت.
لای خۆیەوە ئەرشەد ساڵحی سەرۆكی لیژنەی دەستپاكی لە پەرلەمانی عێراق، داوای لە وەزیری داد كرد سەرجەم داتاکانی تایبەت بە گرێبەستی خۆراکی زیندانیانی پێبدات. هەروەها داوای ناوی ئەو کۆمپانیانەشی کردووە کە گرێبەست لەگەڵ وەزارەتەكە دەکەن و ئاماری کوالیتی و بڕی خۆراک و ئەو بڕە پارەیەی کە تەرخانکراوە، لەگەڵ کۆپییەکی گرێبەستەکان.