بەردی بناغەی رێگەی نێوان وارماوا – دەربەندیخان دانرا
"پڕۆژەکە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە و لەماوەی 450 رۆژدا جێبەجێدەکرێت"

K24 – هەولێر:
وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەردی بناغەی رێگەی نێوان وارماوا – دەربەندیخانی دانا، پڕۆژەکە زیاتر لە حەوت ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوە، بڕیارە لەماوەی 450 رۆژدا جێبەجێبکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە (18ی کانوونی یەکەمی 2022) دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە رێوڕەسمێکدا بەردی بناغەی پڕۆژەی رێگەی (وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان)ی دانا و رایگەیاند "پڕۆژەکە کاریگەری دەبێت بۆ کارئاسانی ھاتووچۆ و دابینکردنی رێگەیەکی سەلامەت و کەمبوونەوەی رووداوەکانی ھاتووچۆ، ھیوادارین کۆمپانیای جێبەجێکار، زووتر و بەر لە وادەی خۆی کە 450 رۆژە، پڕۆژەکە تەواوبکات".
ئاماژەی بەوەشکرد، وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن، ئەرکی سەرشانیەتی ئەوەی لەتوانایدابێت بۆ خزمەتکردنی ھاووڵاتییان درێغی نەکات، بە تایبەتیش ئەو ناوچانەی پێویستیان بە چاکردن و دروستکردنی رێگە ھەیە.
وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتیشی "ئێمە فێرکراوین کە خزمەتی وڵاتەکەمان بکەین، پێویستمان بە موزایەدەکردن نییە لەسەر کەس، بەڵام بەداخەوە ماوەی چەند رۆژێکە ھەندێک لایەن، بەمەبەست دەیانەوێت کارەکانی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە ناشرین بکەن، تۆمەت بۆ وەزارەت دروستدەکەن، من پێیان دەڵێم ھەوڵەکانیان پووچە، لەبەرئەوەی ئێمە لەسەر بنەمایەکی راست کارەکانمان ئەنجامدەدەین".
پڕۆژەی رێگەی (وارماوا – ناوتاق – دەربەندیخان) کە 22 کیلۆمەترە، لەسەر بودجەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، بە بڕی حەوت ملیار و 404 ملیۆن و 250 هەزار دینار جێبەجێ دەکرێت، پڕۆژەکە دەبێتە رێگەی نوێی نێوان وارماوا – دەربەندیخان.
هەر لەو رێورەسمەدا، هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی داوایکرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە بودجەی ساڵی 2023 دا، نەختینەی پێویست بۆ تەواوکردنی پڕۆژەکان و بەتایبەتی رێگەی دەربەندیخان – وارماوا، دەربەندیخان – کەلار، چاککردنی رێگەکانی بناری زمناکۆ و گوندەکانی تاوگۆزی تەرخان بکات