ئیلۆن مەسک بە راپرسییەک دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکایەتی تویتەر یەکلایی دەکاتەوە

K24 - هەولێر:
ئیلۆن مەسک، دامەزرێنەری کۆمپانیای سپەیس ئێکس و بەڕێوەبەری جێبەجێکاری کۆمپانیای تێسلا و خاوەنی پلاتفۆڕمی تویتەر چارەنووسی خۆی وەک سەرۆکی نوێی تویتەر دەخاتە دەستی خەڵکەوە.
مەسک بە راپرسییەکی تایبەت، بابەتی دەستلەکارکێشانەوەی لە پۆستی سەرۆکی تویتەر دەخاتە دەستی بەکارهێنەرانی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکەوە و، بە تویتێك پرسیار لە خەڵکی دەکات و دەڵێت: "دەست لە پۆستی سەرۆکایەتی تویتەر بکێشمەوە؟ پابەندی ئەنجامەکانی ئەم راپرسییە دەبم".
ئیلۆن مەسک لە تویتێکی دیکەدا لەبارەی هەمان بابەتەوە نووسیویەتی "ئەوانەی دەسەڵاتیان دەوێت ئەوانەن کە شایەنی نین".
تا ئێستا زیاتر لە 15 ملیۆن کەس بەشدارییان لە راپرسییەکەدا کردووە و نزیکەی 330 هەزار لایک و 350 هەزار ریتویتی بۆ هاتووە.
Should I step down as head of Twitter? I will abide by the results of this poll.
— Elon Musk (@elonmusk) December 18, 2022
مەسک لە 13ی ئایاردا رایگەیاند، گرێبەستی کڕینی کۆمپانیای تویتەر کە بڕەکەی نزیکەی 44 ملیار دۆلارە بۆ ماوەیەکی کاتی راگیراوە.
لە بەیاننامەیەکدا كە لە 25ی نیسان لە تۆڕی كۆمەڵایەتی تویتەر بڵاوكرابووەوە، ئاماژە بەوەكرابوو، رێككەوتن كراوە بۆ فرۆشتنی كۆمپانیاكە بە ماسك بە بڕی 54،2 دۆلار بۆ هەر پشكێك.
دواتر ئیلۆن ماسک لە تویتێکدا ئەوەی خستەڕوو، "تا نەسەلمێنرێت کە هەژمارە سپامەکان (ساختەکان) بە نزیکەیی تەنیا لە سەدا پێنجی کۆی گشتی هەژمارەکانی تویتەر پێکدەهێنن، ناتوانێت گرێبەستی کڕینی کۆمپانیاکە کە بڕەکەی 44 ملیار دۆلارە، تەواو بکات.
پاش ململانێیەکی یاسایی لەنێوان ئیدارەی تویتەر و ئیلۆن مەسک لەسەر مامەڵەی کڕینی تویتەر، دواجار له 27ـی ئۆكتۆبهری 2022، ئیلۆن مهسك، دەوڵەمەندترین پیاوی جیهان ناچاربوو تۆڕی کۆمەڵایەتی تویتەر بە 44 ملیار دۆلار بکڕێتەوە، كه مانگانه زیاتر له 450 ملیۆن بهكارهێنهری چالاكی ههیه.
دوای تەواوبوونی ئەم مامەڵەیە، ئیلۆن مەسک نزیکەی 3500 کارمەندی لە کارەکانیانیان دوورخستەوە، زۆرینەی ئەوانەشی لە کارەکانیان دوورخرابوونەوە لە تیمەکانی (سیاسەتی گشتی، متمانە، سەلامەتی، پەیوەندییەکان، ئەندازیاری، بازاڕکردن، و سەرچاوە مرۆییەکان) بوون.