کۆنگرێس داوادەکات تۆمەتی هەوڵدان بۆ کودەتا ئاراسته‌ی دۆناڵد تره‌مپ بكرێت

K24 - هه‌ولێر:
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هەڵکوتانە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس بڕیاریدا، تۆمەتی تاوان و هەوڵدان بۆ ئەنجامدانی کودەتا ئاراسته‌ی دۆناڵد تڕەمپ سەرۆکی پێشووی ئەمریکا بکرێت.
لیژنەی لێکۆڵینەوە لە هەڵکوتانە سەر کۆنگرێس پاش 18 مانگ لە لێکۆڵینەوە و کۆکردنەوەی بەڵگە، بەکۆی دەنگ بڕیاری تۆمەتبارکردنی ترەمپی دا.
لیژنه‌كه هەروەها پێشنیاری کردووە کە ترەمپ بەهۆی رێگریکردن لە تەواوبوونی میکانیزمێکی فەرمی (په‌سه‌ندكردنی ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی ئه‌مه‌ریكا) و پیلانگێڕی لە دژی دەوڵەتی ئەمریکا و دانی لێدوانی ناڕاست دادگایی بکرێت.
بڕیاره‌كه‌ی لیژنه‌كه، ئاراسته‌ی وەزارەتی دادی ئه‌مه‌ریكا ده‌كرێت بۆ هەڵسەنگاندن و لێکۆڵینەوەكردن لێی. ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه له‌لایه‌ن وه‌زاره‌تی داده‌وه په‌سه‌ندبكرێت، دۆناڵد تڕەمپ لەکایەی سیاسی دووردەخرێتەوە و رێگەی پێ‌نادرێت خۆی بۆ هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئەمریکای ساڵی 2024 کاندید بکات.
له‌وباره‌یه‌وه دۆناڵد تره‌مپ، سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا رایگه‌یاند، لیژنه‌كه هه‌وڵده‌دات رێگری لێبكات بۆ ئه‌وه‌ی خۆی بۆ هه‌ڵبژاردنی سه‌رۆكایه‌تی ئه‌مه‌ریكا كاندید بكات.
سه‌رۆكی پێشووی ئه‌مه‌ریكا ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه‌ی له‌گه‌ڵی ده‌كرێن، هه‌وڵێكی حزبییه بۆ دوورخرانه‌وه‌ی.
ئەمە لەکاتێکدایە 6ی کانوونی دووەمی 2021، پاش ئەوەی دۆناڵد تڕەمپ ئەنجامی هەڵبژاردنەکانی سەرۆکایەتی رەتکردەوە، لایەنگرانی هەڵیانکوتایە سەر باڵەخانەی کۆنگرێس و بۆ ماوەیەک کۆنترۆڵیان کرد.