پەكەكە لە شرناخ ھێرشی كردە سەر ھێزەكانی توركیا و ھاتووچۆ قەدەغەكرا
ئەفسەرێكی توركیا كوژرا

K24 - ھەولێر
گەریلاكانی پەكەكە لە شارۆچكەی بەیت شەبابی سەر بە شرناخ ھێرشێكی چەكدارییان كردە سەر بەڕێوەبەرایەتی ئاسایش و سەربازگەی جەندەرمە و لە ئەنجامدا ئەفسەرێكی تورك كوژرا و دوای شەڕەكەش، قەدەغەی ھاتووچۆ لە دەڤەرەكە راگەیەندرا.
لە شارۆچكەی بەیت شەبابی سەر بە شرناخ گەریلاكانی پەكەكە لەھەمبەر ھێرشیان كردە سەر ھێزە چەكدارەكانی توركیا و بۆ ماوەیەك شەڕ و پێكدادان سەریان هەڵدا.لە ئەنجامی شەڕ و پێكدادانەكەدا ئەفسەرێكی تورك بە سەختی بریندار بوو و رەوانەی نەخۆشخانەی بەیت شەباب کرا، بەڵام دوای چەند ساتێك بەھۆی سەختی برینەكەیەوە گیانی لەدەست دا.
دوای رووداوەكە ناوچە گومان لێكراوەكان تۆپ باران كران و دەست بە ئەنجامدانی ئۆپەراسیۆنی سەربازی كرا.ھەر دوای رووداوەكە ھاتووچۆ لە دەڤەرەكە قەدەغە کرا.