له‌ بچووكترین وڵاتی ئه‌فریقا هه‌وڵێكی كوده‌تا پووچه‌ڵده‌كرێته‌وه‌

K24 - هه‌ولێر:

حكومه‌تی وڵاتی گامبیا پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌وڵێكی كوده‌تا و ده‌ستگیركردنی چوار سه‌رباز راده‌گه‌یه‌نێت و ده‌ڵێت، "بارودۆخی وڵات له‌ژێر كۆنترۆڵدایه‌".

ئه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 21ـی كانوونی یه‌كه‌می 2022، ئیبریما جی سانكاریا، گوته‌بێژی حكومه‌تی وڵاتی گامبیا له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا پووچه‌ڵكردنه‌وه‌ی هه‌وڵێكی كوده‌تا به‌سه‌ر حكومه‌تدا راگه‌یاند و، به‌گوێره‌ی راگه‌یه‌ندراوه‌كه ژماره‌یه‌ك سه‌ربازی سوپای ئه‌و وڵاته‌ پلانیان دانابوو كوده‌تا به‌سه‌ر حكومه‌تی گامبیادا بكه‌ن، به‌ڵام هه‌وڵه‌كه‌ له‌لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ پووچه‌ڵكراوه‌ته‌وه‌.

به‌گوته‌ی گوته‌بێژی حكومه‌تی گامبیا، چوار سه‌ربازی سوپای ئه‌و وڵاته‌ به‌تۆمه‌تی هه‌وڵدان بۆ ئه‌نجامدانی كوده‌تا ده‌ستگیركراون و لێكۆڵینه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان بۆ دۆزینه‌وه‌ی سێ هاوكاری دیكه‌ی ئه‌و سه‌ربازانه‌ به‌رده‌وامه‌.

گوتیشی: داوا له‌ هاووڵاتییان، كارمه‌ندانی فه‌رنگاكان و سیاسییه‌كان ده‌كه‌ین بگه‌ڕێننه‌وه‌ سه‌ر كاره‌كانیان، چونكه‌ بارودۆخی وڵات له‌ ژێر كۆنترۆڵدایه‌ و پێویست به‌ ترس و دڵه‌راوكێ ناكات".