تەندروستی سلێمانی لەسەر دەنگۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسێک روونکردنەوە دەدات
"ئەوەی هەیە بریتیە لەئەنفلۆنزای وەرزی"
K24 – هەولێر
بەرێوەبەری بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، رەتیدەکاتەوە هیچ جۆرە ڤایرۆسێک بڵاوبووبێتەوە و هۆکاربووبێت بۆ گیانلەدەستدانی هاووڵاتیان و دەڵێت "ئەوەی هەیە بریتیە لەئەنفلۆنزای وەرزی".
ئەمڕۆ پێنجشەممە (22ـی کانوونی یەکەمی 2022) رزگار عەلی، بەرێوەبەری بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی لە روونکردنەوەیەکدا کە تەندروستی سلێمانی بڵاویکردەوە دەڵێت، سەرجەم ئەو دەنگۆیانە رەتدەکەینەوە کە بەشێک لە راگەیاندنەکان بڵاویانکردووەتەوە، بەوەی گوایە ڤایرۆسێکی ترسناک لە سلێمانی بڵاوبووەتەوە و بەهۆیەوە چەند کەسێک گیانیان لەدەستداوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، "سەرلەبەری ئەو دەنگۆیە ناڕاستە و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لە سلێمانی بڵاونەبووەتەوە و ئەوەی هەیە، بریتیە لە ئەنفلۆنزای وەرزی كە لە هەرێمی كوردستان و عێراقدا هەیە.
رزگار عەلی، باسی لەوەشکردووە، وەک بەرێوبەرایەتی خۆپاراستنی تەندروستی سلێمانی، ئەو هەواڵانە بە نادروست دادەنێنین و هیچ جۆرە ڤایرۆسێكی ترسناك لە شاری سلێمانی بڵاونەبووەتەوە، ئێستا لە سەرجەم ناوچە ساردەكانی جیهان، پەتای ئەنفلۆنزای وەرزی هەیە، هیچ كەسێكیش بەم پەتایە گیانی لەدەستنەداوە.
رێنمایی تەندروستی بۆ خۆپاراستن لە ئەنفلۆنزای وەرزی ئەوەیە، هاووڵاتیان دەمامک ببەستن لە شوێنە گشتییەکاندا، دووربکەنەوە لە کەسانی تووشبوو، دەستەکانیان زوو زوو بشۆن.