رێواز فایه‌ق: ئه‌گه‌ر له‌باره‌ی هه‌ڵبژاردنه‌وه لایه‌نه‌كان نه‌گه‌نه رێككه‌وتن چیتر به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵناگرم

K24 – هه‌ولێر:
هه‌وڵه‌كانی رێككه‌وتنی نێوان پارتی و یه‌كێتی به‌رده‌وامن، له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له هه‌ڤپه‌یڤینێكدا له‌گه‌ڵ كوردستان24 جه‌خت له‌سه‌ر ئه‌وه ده‌كاته‌وه، هاندانێكی باش بۆ ئه‌نجامدانی گفتوگۆ له نێوان پارتی و یه‌كێتی له‌ئارادایه.
له‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ی رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان له‌گه‌ڵ كوردستان24 كه كۆڤان عیزه‌ت له‌گه‌ڵیدا ئه‌نجامدابوو، ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه (22ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022) بڵاوكرایه‌وه، رایگه‌یاند، په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی تایبه‌تن و له‌گه‌ڵ حزبه‌كانی دیكه‌دا جیاوازن، بۆیه ده‌بێت له‌كاتی گفتوگۆدا ئه‌و دوو حزبه خۆیان له دیپلۆماسیه‌ت به‌دوور بگرن و زیاتر گرنگی به هه‌ڵوێستی راشكاوانه له‌گه‌ڵ یه‌ك بده‌ن و ناشبێت هیچ لایه‌نێكیان له‌و راشكاوییهی به‌رامبه‌ری توڕه‌بێت.
گوتیشی، "كێشه‌كانی نێوان پارتی و یه‌كێتی هێنده گه‌وره‌نین كه قابیلی چاره‌سه‌ركردن نه‌بن".
سه‌باره‌ت به پوهندییهكانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و دامه‌زراوه فه‌رمییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، رێواز فایه‌ق ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، په‌یوه‌ندییان له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، دادگا و ته‌واوی دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان زۆر باشه و به به‌راورد له‌گه‌ڵ خوله‌كانی پێشووی په‌رله‌مان، له‌م خوله‌دا كابینه‌ی نۆیه‌م زۆرترین وه‌زیری هاتوونه‌ته په‌رله‌مانی كوردستان و وه‌ڵامی زۆرترین پرسیاری په‌رله‌مانتاران دراوه‌ته‌وه.
رێواز فایه‌ق روونیكرده‌وه كه له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان دژی یه‌كدی نین و له یه‌ك سه‌نگه‌ردان، زیاتر گوتی، له‌گه‌ڵ هه‌موو سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی دادوه‌ری و دامه‌زراوه‌كانی دیكه په‌یوه‌ندییه‌كانیان زۆرباشن.
له‌باره‌ی راگرتنی کۆبوونەوەکانی پەرلەمانی كوردستان، رێواز فایه‌ق روونیكرده‌وه، راگرتنی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان مانای پەکخستنی پەرلەمان نییە، بەڵکو نایانەوێت پەرلەمان ببێتە دۆسیەکی دیکەی دانوستان و ناکۆکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی، زیاتر گوتی، ئه‌وان هیچ كێشه‌یان نییه و له‌ناو په‌رله‌ماندا په‌یوه‌ندییه‌كانیان نه‌پچراندووه، ئه‌وه‌ی هه‌یه ناكۆكییه له‌نێوان تیمی حكومی هه‌ردوولا.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراشیكرد، کە ئەوان دەیانەوێت دۆسیەی گۆڕانکارییەکان لە پۆستە وزارییەکان لە نێوان پارتی و یەکێتی بکرێتە یەک پاکێج، بۆ ئەوەی ئەندامانی ئەو فراکسیۆنانە دەنگ بە گۆڕانکارییەکان بدەن.
له‌باره‌ی دواخستنی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كه به‌هۆی نه‌بوونی متمانه له‌نێوان لایه‌نه‌كان نه‌گه‌یشتنه رێككه‌وتن له‌باره‌ی یاسای هه‌ڵبژاردن و كاراكردنه‌وه‌ی كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنه‌كان و ئاشكرایكرد، كه ترسی له دابه‌شبوونی هه‌رێمی كوردستان و گه‌یشتنه بنبه‌ست له په‌یوه‌ندییه سیاسییه‌كان هه‌بوو بۆیه هیچ هه‌نگاوێكی له‌و رووه‌وه له‌رووی ره‌هه‌ندی یاساییه‌وه نه‌ناوه.
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاشكراشیكرد، كه دوای سه‌ری ساڵ به‌نیازه له‌گه‌ڵ هه‌موو پارت و لایه‌نه سیاسییه‌كان باس له دیاریكردنی واده‌ی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆده‌كات و راگه‌یاند، ئه‌گه‌ر له چه‌ند مانگی داهاتوودا نهگهنهڕێككهوتن ئه‌وا جارێكی دیكه رووبه‌ڕووی هه‌مان قه‌یرانی سیاسی و یاسایی پێشوودهبنهوه و ئاماده‌ش نییه چیتر ئه‌و به‌رپرسیارییه‌ته هه‌ڵگرێت.
له به‌شێكی دیكه‌ی هه‌ڤپه‌یڤینه‌كه‌دا، رێواز فایه‌ق رایگه‌یاند، رێكاری په‌یڕه‌وی به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان به‌رامبه‌ر ئه‌و په‌رله‌مانتارانه ده‌گرنه‌به‌ر كه ئاماده‌ی دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان نابن و له‌ڕێگه‌ی نووسراوی فه‌رمییه‌وه ئاگاداریان ده‌كه‌نه‌وه.
له وه‌ڵامی پرسیارێكیشدا له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه خۆی رایگه‌یاندبوو، تا دوای كۆتایی ساڵ لێدوان بۆ هیچ ده‌زگایه‌كی راگه‌یاندن نادات، به‌ڵام قسه‌ی بۆ كوردستان24 كرد، رێواز فایه‌ق گوتی، بۆیه به‌و هه‌ڤپه‌یڤینه‌ی كوردستان24 رازی بووم، چونكه ئه‌و كه‌ناڵه هه‌ڵمه‌تێكی بۆ لێكنزیككردنه‌وه‌ی نێوان لایه‌نه‌كان راگه‌یاندووه و دووپاتیكرده‌وه، پێویسته هه‌موو میدیاكانی كوردستان بۆ ئه‌و جۆره پرسانه چاو له كوردستان24 بكه‌ن.
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌وه‌كرد، ته‌نها دامه‌زراوه ده‌ستوورییه‌كان به‌رپرس نین له پاراستنی ئارامی، ئاسایش و سه‌قامگیری كۆمه‌ڵایه‌تی بپارێزن به‌ڵكو ده‌زگاكانی راگه‌یاندیش وه‌ك ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م ئه‌و ئه‌ركه‌یان له‌سه‌ر شانه.