بانکی ناوەندی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار هەنگاوێکی نوێ دەنێت

K24 - هەولێر:
تۆڕی ئەلمۆنیتەری ئەمەریکی بڵاویکردەوە، بانکی ناوەندی عێراق بۆ دابەزاندنی بەهای دۆلار دەیەوێت مامەڵە ئابوورییەکانی لەگەڵ چین بە دراوی یوانی چینی ئەنجامبدات.
بەگوێرەی راپۆرتێکی ئەلمۆنیتەر، عێراق بەم هەنگاوەی دەیەوێت یەدەگی دراوە بیانییەکان جگە لە دۆلار لە وڵاتدا زیاتربێت، بەوەش بەهای دۆلار روو لە دابەزین بکات.
پێگەی ئەلمۆنیتەر ئاماژەی بەوەشداوە، ئەم هەنگاوەی عێراق دووبارەکردنەوەی هەنگاوی سعوودیەیە کاتێک ریاز بڕیاریدا پارەی نەوتی فرۆشراو بەچین لە جێگای دۆلار بە یوان وەربگرێت.
سەبارەت بە نرخی دۆلار لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان، محمەممەد ئەحمەد خاوەنی نووسینگەی سلێمانی بۆ ئاڵوگۆڕی دراو لە بازاڕی دۆلارەکەی سلێمانی بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەمڕۆ یەک شەممە 25ی کانوونی یەکەمی 2022، بەهای 100 دۆلاری ئەمریکی لە بازاڕەکانی هەرێمی کوردستان گەیشتووەتە 154 هەزار و 300 دیناری عێراقی.
ئا: ئارام کاکەخان