هەڤاڵ ئەبوبەکر: بە فەرمی وەک حکومەت ئاهەنگی سەری ساڵ ناگێڕین

"زەمینەی لەبار رەخسێندراوە بۆ ئەوەی هاووڵاتیان گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن"

.
.

K24 - سلێمانی

پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهۆی بارودۆخی پارچەکانی دیکەی کوردستان و رووداوەکەی پاریس و رووداوی تەقینی غاز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوە، کە بووە هۆی گیانلەدەستدانی 15 کەس، بەفەرمی وەک حکومەت، ئاهەنگی سەری ساڵ ناگێڕن.

هەڤاڵ ئەبوبەکر پارێزگاری سلێمانی، ئەمڕۆ (25ی کانوونی یەکەمی 2022) لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەنووسیدا گوتی: "بوونی جیاوازی خاڵێکی باشە و گرنگە بە هەموو جیاوازییەکانەوە پێکەوە بین، ئومێد دەکەم لایەنە سیاسییەکان، لە کاتێکدا پێشوازی لە ساڵی نوێ دەکەین، هاوشێوەی پەیڕەوکارانی ئایینەکان پێکەوەبن و یەکتری تەواوبکەین، نهێنی سەرکەوتنیشمان پێکەوە بوونە".

باسی لەوەشکرد، کە هەموو ئەو ئامادەکارییانەی پێویستن لە رووی ئارامی و ئاسایشەوە بۆ سەری ساڵ کراون، ئەوان دەسەڵاتی تەواویان داوە بە سەرۆکی یەکە کارگێڕییەکان، بۆ جێبەجێکردنی ئەرکەکانیان لەو بارەیەوە، بەڵام "بەهۆی ئەو بارودۆخانەی هەیە، لە پارچەکانی دیکەی کوردستان، دەستدرێژیکردنە سەر رەوەندی کوردی لە فەرەنسا، ئەو دۆخەی لە ئەنجامی تەقینی غاز لە ماڵێکدا لە گەڕەکی کازیوە روویدا، بەفەرمی بڕیارمانداوە وەک حکومەت ئاهەنگ ناگێڕین بۆ سەری ساڵی نوێ".

پارێزگاری سلێمانی ئاماژەی بەوەشدا، زەمینەی لەبار بۆ هاووڵاتیان رەخسێندراوە، بۆ ئەوەی گوزارشت لە خۆشییەکانیان بکەن و پێشوازی لە ساڵی نوێ بکەن، بۆیە قایمقامیەت، شارەوانی، تەندروستی، یەکە کارگێڕی و ئەمنییەکان، رێککاری پێویستیان گرتووەتەبەر.

ساڵانە لە کۆتا شەوی ساڵ و سەرەتای ساڵی نوێدا، بەشێکی زۆری هاووڵاتیانی سلێمانی، لە شەقامی سالم و شوێنە گشتییەکان کۆدەبنەوە، بەمەبەستی ئاهەنگ گێڕان و بەڕێکردنی کاتەکانیان.

Fly Erbil Advertisment