عەبدولخالق تەڵعەت: مەترسی هێرشەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا له زیادبووندایه

K24 – هه‌ولێر:
نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، ئاشكرایده‌كات، مەترسی زیادبوونی هێرشەکانی داعش لە ناوچە کێشە لەسەرەکاندا هه‌یه.
ئه‌مڕۆ (یه‌كشه‌ممه 25ـی كانوونی یه‌كه‌م/دیسێمبه‌ری 2022)، عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری وەزارەتەکانی ناوخۆ و پێشمەرگەی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان لە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە کوردستان24ی راگەیاند، ئەگەر ئەو رێککەوتنەی لەنێوان سوپای عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ بەڕێوەبردنی ناوچە کێشە لەسەرەکان جێبەجێنەکرێت، مەترسی زیادبوونی هێرشەکانی داعش لەو ناوچانەدا هەیه.
عەبدولخالق تەڵعەت، راشیگەیاند، پێویستە لەگەڵ پەسەندکردنی بودجەی عێراق، کارەکانی لیوا هاوبەشەکان و دابینکردنی بودجە و پێداویستییەکان خێراتربکرێن.
له‌مباره‌یه‌وه رۆژنامه‌ی وۆڵ ستریت جۆرناڵی ئه‌مه‌ریكی ئاماژه‌ی به‌وه كردبوو، داعش لە دۆخی خۆ بەهێزکردنەوەدایە و پلان و ستراتیژی خۆی بۆ هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان بەتایبەتی لە کەرکووک و دیالە گۆڕیووە و ئەوەی ئێستا دەیکات، هیچ نییە جگە لە دەستپێکێک بۆ هێرشی فراوانتر و لێدانی زەبری کوشندەتر لە سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق.
سەبارەت بە ستراتیژە نوێیەکانی داعش، ئەو رۆژنامە ئەمەریکییە ئەوەی خستبووەڕوو، داعش لەهەوڵی کۆکردنەوەی هەڵاتووی زیندانەکانی سوریادایە، تا چەکیان پێبدات و رێکیان بخاته‌وه، دواتریش هەوڵی هەڵکوتانە سەر ئەو زیندانانە دەدات کە ئەندامەکانی خۆی تێدا دەستبەسەرن.
هۆشداری ئەوەشیداوه، ئەگەر سوپا و هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەماهەنگی هەواڵگری بەهێز نەکەن و کۆنترۆڵی ئەو ناوچانە نەکەن کە بۆشایی ئەمنی تێدایە، لەداهاتوودا ژمارەی قوربانییەکانیان زیاتردەبن.
پێشتریش فەرماندەی میحوەری شەشی ھێزی پێشمەرگەى كوردستان، رایگه‌یاندبوو، له هه‌وڵه‌كانیان بۆ پێكھێنانی دوو لیوای ھاوبەش بەردەوامن، كه ئامانج لێی به‌هێزكردنی هەماھەنگییه بۆ روبەروبونەوەی داعش.
جه‌ختی له‌وه‌ش كردبوه‌وه، بۆ نه‌هێشتنی ئه‌و بۆشاییه ئه‌منیه‌ی له ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێمی كوردستاندا هه‌یه، پێكهێنانی ئه‌و دوو لیوایه زه‌روره‌تێكی حه‌تمییه.