مۆسكۆ: هه‌رگیز به‌ دیاركردنی ئاستی نرخی نه‌وتی رووسیا رازی نابین

دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیای ئیتیحادی
دیمتری بیسكۆڤ، گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیای ئیتیحادی

K24 – هه‌ولێر:

گوته‌بێژی سه‌رۆكایه‌تی رووسیا، دمیتری بیسكۆڤ، رایگه‌یاند، ده‌ستنیشانكردنی ئاستێك بۆ نرخی نه‌وت و غازی رووسیا به‌لای رووسیاوه‌ قبووڵكراو نییه‌، مۆسكۆ هه‌رگیز به‌وه‌ رازی نابێت سیستمی نرخ له‌ بازاردا وێران بكرێت.

وڵاتانی خۆرئاوا وه‌ك سزایه‌ك له‌ سه‌ر هه‌نارده‌ی نه‌وت و غازی رووسیا بڕیاریان داوه‌ نرخی شه‌ست دۆلار وه‌ك به‌رزترین نرخ بۆ به‌رمیلێك نه‌وتی رووسی دابنێن، وڵاتانی كڕیاریش ناچار ده‌كه‌ن به‌و نرخه‌ نه‌وتی رووسیا بكڕن، ئه‌مه‌ ئه‌و بڕیاره‌یه‌ رووسیا له‌ دژی وه‌ستاوه‌ته‌وه‌.

له‌ چاوپێكه‌وتنێكی رۆژنامه‌وانیدا، بیسكۆڤ گوتی: هیچ سنوورداركردنێك قبووڵ ناكه‌ین، ئه‌وه‌ بابه‌تێكی مه‌بده‌ئییه‌. ئه‌وه‌ی ئه‌وان ده‌یكه‌ن ده‌ستوه‌ردانه‌ له‌ پرۆسه‌ی نرخاندن له‌ بازاڕدا. ئه‌گه‌ر ئه‌مڕۆ به‌و ئاسته‌ پڕوپووچه‌ رازی بین، سبه‌ی ده‌بێت به‌ ئاستێكی دیكه‌ش رازی بین، كه‌ زیان به‌ به‌رژه‌وه‌ندی نیشتمانی رووسیا ده‌گه‌یه‌نێت.

هه‌روه‌ها گوتی: هه‌رگیز به‌و شێواندن و وێرانكردنه‌ی پرۆسه‌ی نرخ دانان له‌ بازاردا رازی نابین.

له‌ دوای سه‌رهه‌ڵدانی شه‌ڕی ئۆكرانیا له‌ (24ی شوبات/ فێبرایه‌ری 2022)، وڵاتانی خۆرئاوایی زنجیره‌یه‌ك سزای دارایی و ئابوورییان به‌سه‌ر كه‌رته‌ جیاوازه‌كانی پیشه‌سازی و ئابووری رووسیادا سه‌پاندووه‌، به‌ مه‌به‌ستی لاوازكردنی ئابووری ئه‌و وڵاته‌ و داڕمانی.