ئۆكرانیا داوای ده‌ركردنی رووسیا له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كات
K24 – هه‌ولێر:
وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی ئۆكرانیا، دمیتری كولیبا، ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه داوای كرد، رووسیا له ئه‌ندامێتی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بێ به‌ش بكرێت.
كولیبا گوتی: حكومه‌تی كیێڤ داواكاره ئه‌ندامانی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان چیدیكه رێگه نه‌ده‌ن رووسیا ئه‌ندامی هه‌میشه‌یی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی بێت و پێویسته له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان دووربخرێته‌وه.
هه‌روه‌ها گوتی: بوونی رووسیا له‌و ئه‌نجوومه‌نه هاوشانی ئه‌مه‌ریكا، به‌ریتانیا، فه‌ره‌نسا و چین، جێی هه‌ڵوه‌سته و قسه له‌سه‌ر كردنه.
له لایه‌ن خۆیه‌وه، ڤاسیلی نیبینزیا، نوێنه‌ری هه‌میشه‌یی رووسیا له نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، رایگه‌یاند، بێبه‌شكردنی رووسیا له كورسی هه‌میشه‌یی خۆی له ئه‌نجوومه‌نی ئاسایشی نێوده‌وڵه‌تی به پێی په‌یماننامه‌ی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، كارێكی مه‌حاڵه.