ئیتاڵیا ناڕەزایەتی خۆی لەبارەی سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران بە باڵیۆزی ئێران گەیاند

ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا
ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا

K24 – هەولێر  

ئەنتۆنیۆ تاجانی وەزیری کاروباری دەرەوەی ئیتاڵیا، دووپاتیکردەوە کە کاردانەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران بەرامبەر بە خۆپێشاندەران "قبووڵکراو نییە" و بۆ گەیاندنی ئەو پەیامە، باڵیۆزی ئێرانی لە رۆما بانگهێشت کرد.

وەزارەتی دەرەوەی ئیتاڵیا رایگەیاند، ناڕەزایەتی وڵاتەکەیان بە محەمەدرەزا سەبووری باڵیۆزی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رۆما، گەیاندووە.

ئەنتۆنیۆ تاجانی، پێشتریش سەرکوتکردنی خۆپێشاندەرانی لە ئێران سەرکۆنەکردووە و بە "قبووڵنەکرا و جێگەی شەرم" باسی لێکرد و دووپاتیکردەوە، پشتگیری لە شۆڕشی ژنان لە ئێران دەکات.

زیاتر لە 100 رۆژە خۆپێشاندان لە شار و شارۆچکەکانی ئێران بەردەوامە و وەک رێکخراوەکانی داکۆکیکار لە مافی مرۆڤ ئاشکرایانکردووە، مەترسی لەسێدارەدانی بەلانیکەمەوە 100 خۆپێشاندەر لەئارادایە. خۆپێشاندانەکان لە کوشتنی ژینا ئەمینی کچە کوردی تەمەن 22 ساڵەوە سەرچاوەی گرت.

سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە
سەرکوتکردنی خۆپێشاندەران لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە

بەردەوامی خۆپێشاندانەکان و هەڕەشەی سەرۆککۆماری ئێران

رۆژی 27ـی کانوونی یەکەم، رێوڕەسمی چلەی سێ خۆپێشاندەری مهاباد بەڕێوەچوو کە لەلایەن هێزە ئەمنییەکانی ئێرانەوە کوژرابوو. هەمان رێوڕەسم لە شارەکانی بۆکان، سەقز و سنەش بەڕێوەچوو و خەڵک بە گوتنەوەی دروشم، ئەو کارەی هێزە ئەمنییەکانیان سەرکۆنەکرد. ئەو رێورەسمانە لە كاتێكدان كە خۆپێشاندانەكانی رۆژانە لەكزیداوە و ناڕەزایی و گردبوونەوەكان زۆرتر شەوانەن.

ئەوە لەكاتێكدایە كە بەرپرسانی سیاسی و ئەمنی ئێران دەلێن، كۆتاییان بە خۆپێشاندانەكان ھێناوە. ئیبراھیم رەئیسی سەرۆككۆماری ئێران رۆژی سێشەممە رایگەیاند، سەرجەم پیلانەكانی دوژمنانیان پووچەلكردووەتەوە كە بەگوتەی ئەو ویستوویانە لەناوخۆی ئێران ئاژاوە دروستبكەن. لەگەڵ ئەوەش سەرۆككۆماری ئێران رایگەیاند، باوەشیان بۆ ئەو كەسانە ئاوەڵایە كە فریو دراون، بەڵام ھەڕەشەی ئەوەشی كرد كە رەحم بە "لادەر و بانگەشەكارانی جەھالەت" ناكەن و بەتووندترین شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا دەكەن.

ئەو لێدوانەی رەئیسی لەكاتێكدایە كە گوشارەكان بۆ سەر چالاكوانان زیادیكردووە، تەنانەت رۆژی دوشەممە فرۆكەیەكیان لە دوبەیەوە گەراندەوە، بەھۆی ئەوەی خێزان و كچی عەلی دایی یاریزانی پێشووی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ئێرانی تێدابووە، ھۆكارەكەش ئەوە بووە كە ئەو یاریزانە پشتیوانی خۆپێشاندەرانی كردووە و بۆی نییە خۆی و خێزانی لەئێران بچنەدەر، ئەوەش كاردانەوەیەكی زۆری لێكەوتووەتەوە.

ھاوكات رێكخراوی مافی مرۆڤی ئیران ناسراو بە ھرانا رایگەیاندووە، تا ئێستا زیاتر لە 540 كەس لە خۆپێشاندانەكاندا كوژراون و 22 ھەزارو 655 كەسیش دەستبەسەر كراون. سەبارەت بە دۆخی مافی مرۆڤ لەئێرانیش وڵاتانی رۆژئاوایی و ئەنجوومەنی مافی مرۆڤ لە رێكخراوی نەتەوە یەكگرتووەكان ھۆشداریان بە ئێران داوە، بەڵام رۆژی سێشەممە جارێكیتر ناسر كەنعانی گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رەتیكردەوە كە مافی مرۆڤیان پێشێل كردبێت و رایگەیاند، "رەخنەگرانی ئێمە خۆیان بەدرێژایی مێژوو پێشێلكاری مافی مرۆڤ بوونە".