"رێژه‌ی هاتنی كۆچبه‌رانی نایاسایی بۆ به‌ریتانیا به‌رزبووه‌ته‌وه"

K24 - هەولێر:
بەریتانیا لە ساڵی 2022 ریکۆردێکی نوێی لە گەیشتنی کۆچبەرانی نایاسایی بۆ ئەو وڵاتە تۆمارکرد.
به گوێره‌ی زانیارییه‌كانی ئاژانسی هه‌واڵی فرانس پرێس، لەساڵی 2022دا پتر لە 45 هەزار و 756 کۆچبەری نایاسایی گەیشتوونەتە بەریتانیا، ئەمەش لە کاتێکدایە له ساڵی 2021 تەنیا 28 هەزار و 526 کۆچبەری نایاسایی هاتوونه‌ته بەریتانیا، بەمەش ژمارەکە بە رێژەی 63% زیادیکردووە.
زیادبوونی رێژه‌ی هاتنی كۆچبه‌رانی نایاسایی بۆ به‌ریتانیا، کێشەی بۆ حکومەته‌كه‌ی پارتی پارێزگارەکان درووستکردووە، چونکە بەڵێنیاندابوو رێگری لە کۆچی نایاسایی بکەن و قاچاخچییەکانیش دەستگیربکەن.
بەپێی ئامارەکان كه بڵاوکراونەتەوە، تەنیا لە 22ـی مانگی هەشتی 2022، هەزار و 295 کۆچبەری نایاسایی لە رێگەی بەلەمی بچووکەوە پەڕیونەتەوە بەریتانیا، ئەمەش بەزرترین ئامارە لە رۆژێکدا تۆمارکراوە.
بۆ رێگری لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە، ئه‌مساڵ ریشی سوناك سەرۆکوەزیرانی به‌ریتانیا، یاسایەک ده‌رده‌كات، به گوێره‌ی یاساكه هەر كۆچبه‌رێك بەشێوەیەکی نایاسایی بچێته بەریتانیا، یان دەستبەجێ ره‌وانه‌ی وڵاتەکەی ده‌كرێته‌وه، یاخود ده‌گوێزرێته‌وه وڵاتێکی دیکە.
ریشی سو‌ناک سه‌رۆكوه‌زیرانی به‌ریتانیا، له‌مباره‌یه‌وه رایگەیاندبوو، بۆ رێگری لەو ژمارە زۆرەی کۆچبەرانەوە کە لە ئەڵبانیاوە دەگەنە بەریتانیا، رێککەوتنێکمان لەگەڵ ئەڵبانیا واژووکردووە.
بە گوێرەی ماددەیەکی رێککەوتنەکە، بۆ یەکەمجار لە مێژوودا، هێزی پاسەوانی سنووری بەریتانیا لە فڕۆکەخانەی تیرانا لە ئەلبانیا جێگیردەکرێت، بۆ ئه‌وه‌ی رێگری لە کۆچی نایاسایی بكرێت.
پێشتریش بەریتانیا بڕیارێكی له دژی كۆچبه‌رانی نایاسایی ده‌ركرد، به‌پێی بڕیاره‌كه هه‌ر كۆچبه‌رێك به شێوه‌یه‌كی نایاسایی بچێنه نێو به‌ریتانیا، ده‌گوێزرێته‌وه بۆ وڵاتی رواندا لە ئەفریقا.
جیا له‌وه‌ش گفتوگۆکانی یەکێتی ئەوروپا له‌باره‌ی ئاماده‌كردنی پڕۆژەیاسایەک به‌رده‌وامه، کە له رێگه‌یه‌وه دەیەوێت ساڵانە 5 هەزار تا 10 هەزار پەنابەر به‌سه‌ر ئه‌وروپادا دابەشبکەن.