ئاماده‌كاری بۆ كۆبوونه‌وه‌ی ئه‌ردۆغان و ئه‌سه‌د ده‌كرێت

K24 - هه‌ولێر:
مه‌ولوود چاوش ئۆغلو وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا دووپاتیكرده‌وه، به‌ره‌وپێشه‌وه‌چوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی دیمه‌شق و ئه‌نقه‌ره، په‌یوه‌سته به‌هه‌ندێ هه‌نگاوی كرده‌یی سیاسی سوورییه‌كان، بێ ئه‌وه‌ی ئه‌و هه‌نگاوانه دیاری بكات.
چاودێرانی سیاسی ئاماژه بۆ ئه‌وه ده‌كه‌ن، كۆبوونه‌وه‌ی سێقۆڵی كه بڕیاره له ناوه‌راستی ئه‌م مانگه (یه‌نایه‌ر/كانوونی دووه‌م) به‌ڕێوه‌بچێت، هه‌نگاوێكه بۆ دیداری راسته‌وخۆی ره‌جه‌ب ته‌یب ئه‌ردۆغان سه‌رۆك كۆماری توركیا و به‌شار ئه‌سه‌د سه‌رۆكی سووریا، به چاودێری رووسیا.
له پێناو گێڕانه‌وه‌ی سه‌قامگیری بۆ سووریا و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستان و گه‌ڕانه‌وه‌ی ئاواره سوورییه‌كان، هه‌فته‌ی رابردوو، مۆسكۆ میواندارێتی لووتكه‌ی وه‌زیرانی به‌رگری و ده‌زگای هه‌واڵگری توركیا، رووسیا و سووریای كرد.
بۆ گفتوگۆكردن له‌باره‌ی نزیكبوونه‌وه خێراكانی نێوان ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق، ئیئتیلافی نیشتمانی ئۆپۆزسیۆنی سووریا، داوای كۆبوونه‌وه‌ی به په‌له له توركیا ده‌كات.
خۆپیشاندانه‌كان له دژی نزیكبوونه‌وه‌ی ئه‌نقه‌ره و دیمه‌شق، له باكووری رۆژئاوای سووریا دووباره سه‌ریهه‌ڵداوه‌ته‌وه. مه‌ولوود چاویش ئۆغلۆ له‌مباره‌یه‌وه گوتی: "له دژی هێزه ئۆپۆزسیۆنه‌كانی سووریا كارناكه‌ین".