ئێران.. بڕیاری لەسێدارەدانی سێ کەسی نێو خۆپیشاندانەکان هەڵوەشێندرایەوە

دیمه‌نێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران
دیمه‌نێكی خۆپیشاندانه‌كانی ئێران

K24 - هه‌ولێر:

دادگای تێهه‌ڵچوونه‌وه‌ له‌ ئێران بڕیاری له‌ سێداره‌دانی سێ كه‌سی به‌ تۆمه‌تی تێوه‌گلانیان له‌ كووشتنی كارمه‌ندێكی ئه‌منی، هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌.

دوای ئه‌وه‌ی هەریەک له‌ حامید کاراحەسنلو پزیشك، لەگەڵ حوسێن محەممەدی و رەزا ئاریا، بڕیاری له‌ سێداره‌دانیان بەهۆی رووداوی کوشتنی کارمەندێکی ئەمنی لە میانی خۆپیشاندانەکانی ئەو وڵاتەدا بۆیان دەرکرابوو، بڕیاره‌كه‌ لە قۆناغی تێهەڵچوونەوە هەڵوەشێندرایەوە.

ئەمیر هاشمی بەڕێوەبەری پەیوەندییە گشتییەکان لە دادگای باڵای ئێران، لە هەژماری تایبه‌تی خۆی لە تویتەر، ئەنجامی ئەو داواکارییەی بڵاوکردەوە، کە لەسەر دۆسیەیەک پێشکەش بە دادگای تێهەڵچوونەوە کرابوو، تێیدا 16 تۆمەتبار بەهۆی کوژرانی کارمەندێکی ئەمنیی لە میانی خۆپیشاندانەکانی شاری کەرەج دادگایی کرابوون.

ئەمیر هاشمی باسی لەوەشکرد، بڕیاری لەسێدارەدانی هەریەک لە پزیشکی ئێرانی حامید کاراحەسنلو لەگەڵ حسێن محەمەدی و رەزا ئاریا، کە لەلایەن دادگای شۆڕشەوەدەرکرابوو، بەهۆی ''کەموکوڕی لە لێکۆڵینەوەکاندا'' لەلایەن دادگای باڵاوە لە میانی تێهەڵچوونەوەی دۆسیەکەدا، هەڵوەشێندراوەتەوە.

لە دۆسییەی هێرشکردنە سەر هێزە ئەمنییەکان لە میانی خۆپیشاندانەکانی سێی تشرینی دووەمی 2022 لە شاری کەرەج باکووری رۆژئاوای تاران، ئەندامێکی بەسیجی هێزی میلیشیای سەر بە سوپای پاسداران کوژرا و پێنج کارمەندی ئەمنیش برینداربوون، 16 کەس به‌هۆیه‌وه‌ دادگایی کران، لەوانەیش پێنجیان بە تاوانی ''تێکدانی شیرازەی گشتیی و نانەوەی ئاژاوە"،  بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرا.

حامید کاراحەسەنلو کە پزیشکێکی ئێرانییە لە بواری تیشکدا، یەکێک بوو لەو پێنج کەسەی بڕیاری لەسێدارەدانیان بۆ دەرکرابوو.

دوای ئه‌وه‌ی "ژینا ئه‌مینی" ناسراو به‌ "مه‌هسا ئه‌مینی" (22 ساڵ)، خه‌ڵكی شاری سه‌قزی رۆژهه‌ڵاتی كوردستان، له‌ میانه‌ی گه‌شتێكدا بۆ تاران له‌ لایه‌ن هێزه‌ ئه‌منییه‌كانه‌وه‌ ده‌ستبه‌سه‌ركرا و به‌ هۆی ئه‌شكه‌نجه‌دانییه‌وه‌ به‌ سه‌ختی برینداربوو و پاشان ره‌وانه‌ی نه‌خۆشخانه‌ كرا‌.

رۆژی (16ی ئه‌یلوول/سێپتێمبه‌ری 2022)، موژگان ئه‌مینی دایكی ژینا به‌ میدیاكانی ئێرانی راگه‌یاند‌، كچه‌كه‌ی له‌ نه‌خۆشخانه‌ به‌هۆی سه‌ختی برینه‌كه‌یه‌وه‌ گیانی له‌ده‌ستدا، كه‌ به‌هۆیه‌وه‌ تا ئێستا خۆپیشاندان له‌ ناوچه‌ جیاوازه‌كانی ئێران به‌رده‌وامه‌.

سه‌رچاوه‌: AA