هاوپه‌یمانی نێوده‌وڵه‌تی: سیستمی به‌رگری ئاسمانی دژی درۆن له‌ عه‌ین ئه‌سه‌د تاقیكرایه‌وه‌

بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د
بنكه‌ی سه‌ربازی عه‌ین ئه‌سه‌د

K24 – هه‌ولێر:

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش رایگەیاند، لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد راهێنانێکی سەربازییان ئەنجامداوە و سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوانیان تاقیکردووەتەوە.

لە راگەیه‌ندراوێکدا هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژی داعش  ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ (8ـی كانوونی دووه‌م/ یه‌نایری 2023) رایگه‌یاند، لە بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد راهێنانیان ئەنجامداوە بۆ تاقیکردنەوەی سیستمی بەرگری ئاسمانی بنکەکە و ئامادەیی و لێهاتوویی هێزەکانیان لە بنکەی عەین ئەسەد. سیستمی بەرگری ئاسمانی بۆ رووبەڕووبوونەوەی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بەشێک بووە لە راهێنانەکە.

لە راگەیه‌ندراوەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیدا هاتووە: راهێنانەکە بۆ دڵنیابوونەوە بووە لە توانای ئەو هێزانەی بەرپرسیاری پاراستنی هێزەکانی هاوپەیمانانن. لە راهێنانەکەشدا رێکكاری پێویست گیراونەتەبەر بۆ پاراستنی هێزەکان و خەڵکی مه‌ده‌نی.

هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەکۆتایی راگەیه‌ندراوەکەیدا روونیكردووه‌ته‌وه‌، لە رۆڵی پێدانی راهێنان و راوێژ بەردەوام دەبن لەگەڵ هێزە هاوپەیمانەکانیان بۆ دڵنیابوونەوە لە تێکشاندنی یەکجارەکی داعش.

راگەیه‌ندراوەکەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لەکاتێکدایە، پێشتر وابڵاوکرایەوە لە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە ئاسمانی بنکەی ئاسمانی عەین ئەسەد خراوەتە خوارەوە.

 

 

Fly Erbil Advertisment