گۆڕێكی دیكه‌ی به‌كۆمه‌ڵ له شنگال دۆزرایه‌وه

K24 – هەولێر:
دانیشتوانی كۆمه‌ڵگه‌ی سیبا شێخ خدر له سنووری قه‌زای شنگال، گۆڕێكی دیكه‌ی به‌كۆمه‌ڵیان دۆزییه‌وه، كه روفاتی ژماره‌یه‌ك له قوربانیانی ئێزدی تێدایه، له ساڵی 2014 له‌كاتی شاڵاوی چه‌كدارانی داعش بۆ سه‌ر ناوچه‌كه، كۆمه‌ڵكوژكران.
ناجی خاجی، چالاكوانی ئێزدی له‌و باره‌یه‌وه رایگه‌یاند، ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه‌ی دۆزراوه‌ته‌وه، ده‌كه‌وێته سنووری كۆمه‌ڵگه‌ی سیبا شێخ خدر له باشووری چیای شنگال.
هه‌روه‌ها گوتی: "له‌ناو گۆڕه‌كه‌دا ژماره‌یه‌ك روفاتی قوربانییان دۆزراونه‌ته‌وه، به‌بێ ئه‌وه‌ی ژماره‌یان بزانرێت و خه‌ڵكی ناوچه‌كه ده‌سه‌ڵاتداره په‌یوه‌ندیداره‌كانیان له بوونی ئه‌و گۆڕه به‌كۆمه‌ڵه ئاگاداركردوونه‌ته‌وه".
دوای ئازادكردنی شنگال و ده‌وروبه‌ری له ده‌ست داعش، تا ئێستا ده‌یان گۆڕی به‌كۆمه‌ڵی قوربانیانی ئێزدی دۆزراونه‌ته‌وه، كه له‌سه‌ر ده‌ستی چه‌كدارانی ئه‌و رێكخراوه كۆمه‌ڵكوژ كراون.