به ته‌واوبوونی پردی ئاوه‌خێری له گه‌رمیان ده‌بێته درێژترین پردی هه‌رێمی كوردستان و عێراق
K24 – هه‌ولێر:
كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان گرنگترین پرۆژه‌ی ستراتیژی له بواری رێگاوبان له ئیداره‌ی سه‌ربه‌خۆی گه‌رمیان ئه‌نجامده‌دات، كه درێژترین پردی هه‌رێمی كوردستان و عێراقه و تاوه‌كو ئێستا 50%ـی كاره‌كانی ته‌واوبووه.
فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، بڵاویكرده‌وه، كاركردن له پردی ئاوه‌خێری به‌رده‌وامه، کە بەشێکە لە پڕۆژەی ڕێگای دووسایدی کەلار - دەربەندیخان، ئیدارەی گەرمیان بە پارێزگای سلێمانی دەبەستێتەوە و دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی هەرێمی کوردستان و عێراق.
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، عەدنان خەلیل، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان، لەبارەی گرنگی ئەم پردەوە، بە فەرمانگەی میدیا و زانیاری راگەیاندووه: "پردەکە، بەشێکە لە پرۆژەیەکی ستراتیژیی کە لە ئیدارەی گەرمیان جێبەجێدەکرێت، بەڵام بەهۆی قەیرانی داراییەوە کارەکانی دروستکردنی بە سستی بەڕێوەدەچن".
لەبارەی پێکهاتەی پردەکەوە، بەڕێوەبەری رێگاوبانی گەرمیان ئاماژه‌ی به‌وه‌كردووه، لە 38 چاوگ پێکهاتووە، درێژییەکەی هەزار و 200 مەترە، دوو سایدی چوون و هاتنە و پانیی هەر سایدێکیشی شەش مەتر و نیوە، ئەمە جگە لەوەی کە بەرزییەکەی 18 مەترە و پایەڵەکانیشی 14 مەتر لەژێر زەوییەوەن".
به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی فه‌رمانگه‌ی میدیا و زانیاری، تاوەکو ئێستا، رێژەی 50%ـی کارەکانی دروستکردنی پردەکە تەواوبووە و بە تەواوبوونیشی، دەبێتە درێژترین پرد لە تەواوی کوردستان و عێراق.