به‌هۆی ناڕه‌زایه‌تی هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌وه‌ قایمقامی قه‌زای پێنجوێن ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو

زانا ره‌حمان، قایمقامی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی پێنجوێن
زانا ره‌حمان، قایمقامی ده‌ستله‌كاركێشاوه‌ی پێنجوێن

K24 – هه‌ولێر:

دوای سێ رۆژ له‌ به‌رده‌وامی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تی به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی قه‌زای پێنجوێن، به‌هۆی كه‌می خزمه‌تگوزاری و نه‌بوونی كاره‌با، قایمقامی قه‌زای پێنجوێن ده‌ستبه‌رداری پۆسته‌كه‌ی بوو.

ئه‌مڕۆ هه‌ینی (13ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، زانا ره‌حمان ره‌حیم، قایمقامی قه‌زای پێنجوێن، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی راگه‌یاند و ده‌ڵێت، " ده‌ست بەرداری پۆستی قائیمقامییەتی قەزای پێنجوێن دەبم وەک دەربڕینی ناڕەزایەتی و بەدەمەوە نەهاتن بۆ چارەسەرکردنی کێشەکان و دابیننەکردنی خزمەتگوزارییەکانی سنووری قەزای پێنجوێن".

هه‌روه‌ها له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی زانا ره‌حماندا هاتووه‌، " بەداخەوە چەندین ساڵە لێپرسراوانی سەرووی خۆمان دەستەوسان بوون و نەیانتوانیوە ئاوڕێکی جدی لە سنوری قەزای پێنجوێن بدەنەوە و بودجە و خزمەتگوزاری پێویستی بۆ دابین بکەن ئەمە سەرەڕای ئەوەی چەندین جار داواکاری پێنجوێنمان گەیاندووە پێیان".

دوای هه‌شت ساڵ له‌ مانه‌وه‌ له‌ پۆستی قایمقامییه‌تی قه‌زای پێنجوێن، زانا ره‌حمان له‌ راگه‌یه‌ندراوی ده‌ستبه‌رداربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، داوای لێبوردی له‌ دانیشتووانی قه‌زاكه‌ی كردووه‌، وه‌ك نووسیویه‌تی: " لە هەر کەموکورتییەک لە کاروبارمدا هەبووبێت".

ماوه‌ی زیاتر له‌ سێ رۆژه‌ به‌شێك له‌ هاووڵاتییانی ناوچه‌كه‌، به‌هۆی ده‌ربرینی ناڕه‌زایه‌تی له‌ كه‌می خزمه‌تگوزاری ناڕه‌زایه‌تی ده‌رده‌بڕن و به‌شێك له‌ كاسبكارانیش له‌ چه‌ند رۆژی رابردوودا دوكانه‌كانیان له‌ بازاڕی قه‌زای پێنجوێن داخستووه‌.