مەسرور بارزانی: حکومەتی عێراق پابەندە بە راگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێم

K24 - هەولێر
مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە راگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت بە نەوت و غازی هەرێمی کوردستان.
لە پەراوێزی بەشداریکردن لە 53مین کۆڕبەندی ئابووری جیهان لە داڤۆس، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز ئەنجامدا و تێیدا رایگەیاند، حکومەتی عێراق پابەندە بە راگرتنی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی سەبارەت نەوت و غازی هەرێمی کوردستان.
لە چاوپێکەوتنەکەیدا لەگەڵ ئاژانسی رۆیتەرز، مەسرور بارزانی تیشیکی خستەسەر دۆسیەی نەوت و غاز و گفتوگۆكانی نێوان حکومەتی هەرێمی كوردستان و حکومەتی نوێی فیدراڵی، ئاماژەی بەوەدا، کێشەی درێژخایەنی نەوت و غازی هەرێم لەگەڵ حکومەتی عێراق رەنگە لە چەند مانگی داهاتوودا لەڕێگەی تێپەڕاندنی یاسای نەوت و غازەوە چارەسەربکرێت.
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت کێشەکانی هەرێم و بەغدا ئەوەی خستەڕوو، کێشەکان لەنێوان هەولێر و بەغدا زیادیانکرد، کاتێک لەمانگی شوباتی ساڵی رابردوو دادگای فیدراڵی عێراق سێکتەری نەوت و غازی هەرێمی بە نادەستووری ناساند.
مەسرور بارزانی راشیگەیاند، ئەوەی لەسەری رێککەوتوون لەگەڵ بەغدا، وەستاندنی هەموو فشارەکانە لەسەر حکومەتی هەرێم، تاوەکو یاسای نەوت و غاز پەسنددەکرێت.
هەرچی پەیوەستە بە رێککەوتنی حکومەتی هەرێم و بەغدا لەسەر یاسای نەوت و غاز، سەرۆکی حکومەتی هەرێم بە رۆیتەرزی رایگەیاندووە، پێویستە لەچەند مانگێکدا رێککەوتنەکە ئەنجامبدرێت، كه له كارنامهی پهسهندكراوی حكومهتی نوێی عێراق شەش مانگی بۆ دیاریکراوە.
سەبارەت بە شایستە داراییەکانی ئەو کۆمپانیا نەوتییانەی لە هەرێم کاردەکەن، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان روونیکردووەتەوە، حکومەتی هەرێم بە تەواوی پابەندە بە پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکان و ئەو قەرزانەی کۆمپانیاکان لای حکومەتی هەرێمە.
سەبارەت بە پڕۆژەیاسای بودجەی ساڵی 2023ی عێراق، سەرۆکی حکومەتی هەرێم تیشیکی خستەسەر ئەوەی، رێكکەوتن لەسەر بودجە لەگەڵ عێراق یارمەتی هەرێم دەدات، دواکەوتنی پێدانی شایستە داراییەکانی کۆمپانیاکانی نەوت و کێشەی دواکەوتنی مووچەی فەرمانبەران چارەسەربکات.