كه‌ركووك.. ده‌ستڕێژی گولـلـه له ماڵی به‌ڕێوه‌به‌رێكی خوێندنی كوردی كرا

K24 - هه‌ولێر:
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ چوار چه‌كدار ده‌ستڕێژی گولـلـه‌یان كرده سه‌ر ماڵی به‌ڕێوه‌به‌رێكی خوێندنی كوردی له شاری كه‌ركووك، به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24ـیش، "رووداوه‌كه له‌سه‌ر كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی بووه".
به‌ره‌به‌یانی ئه‌مڕۆ شه‌ممه (21ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، نزیكه‌ی كاتژمێر 1:00، چوار چه‌كداری "نه‌ناسراو" ده‌ستڕێژی گولـلـه‌یان كرده سه‌ر ماڵی مامۆستا شوكریه كازم، به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌ی دوا ناوه‌ندیی "دایكی" سه‌ر به خوێندنی كوردی له شاری كه‌ركووك.
له‌باره‌ی چۆنیه‌تی روودانی رووداوه‌كه‌وه و هۆكاری به ئامانجگرتنی ماڵه‌كه‌ی، مامۆستا شوكریه كازم به كوردستان24ـی گوت، "نازانم بۆ ماڵه‌كه‌م كراوه‌ته ئامانج، خۆم مامۆستا و به‌ڕێوه‌به‌ری قوتابخانه‌م، نزیكه‌ی كاتژمێر یه‌كی شه‌و له ده‌نگی ته‌قه خه‌به‌رم بووه‌وه و ته‌قه‌كه به‌شێوه‌یه‌كی زۆر ده‌كرا". ئه‌و چه‌نده‌شی خسته‌ڕوو، "نازانم بۆ ته‌قه‌یان له ماڵه‌كه‌م كردووه، نازانم بۆ كوشتنم هاتبوون یان بۆ دزیكردن".
سه‌رچاوه‌یه‌كی ئه‌منی له كه‌ركووك له‌باره‌ی هۆكاری روودانی رووداوه‌كه‌وه به كوردستان24ـی راگه‌یاند، رووداوه‌كه به‌هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تییه‌وه روویداوه.
مامۆستا شوكریه راشیگه‌یاند، "پیشه‌كه‌م كه مامۆستاییه، پیشه‌یه‌كی زۆر پاكه، من به‌بێ جیاوازی خزمه‌تی منداڵی كوردی ده‌كه‌م له‌نێو شاری كه‌ركووكدا، پیشكه‌م هێنده مه‌ترسیدار نییه، خه‌ڵك به‌دوای منه‌وه بێت، له‌هه‌موو كاتێكدا من شه‌فافیه‌تم به‌كارهێناوه".
به‌ڕێوه‌به‌ره‌كه كورده‌كه‌ی كه‌ركووك ره‌خنه‌شی له كه‌مته‌رخه‌می هێزه ئه‌منییه‌كانی شاره‌كه گرت و ئاماژه‌ی به‌وه‌كرد، كاتێك ماڵه‌كه‌ی له‌لایه‌ن چوار چه‌كداره‌كه‌وه كراوه‌ته ئامانج و زیان به‌ر ماڵ و ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كه‌وتووه، "حاكمی ئه‌و شاره له كوێ بووه".