جه‌زائیر.. كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی گیانله‌ده‌ستدانی ژماره‌یه‌ك هاووڵاتی لێكه‌وته‌وه‌

هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی سوپای جه‌زائیر | "وێنه‌كه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ دانراوه‌"
هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی سوپای جه‌زائیر | "وێنه‌كه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ دانراوه‌"

K24 - هه‌ولێر:

 له‌ ئه‌نجامی كه‌وتنه‌خواره‌وه‌ی هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی سوپای جەزائیر لە گونده‌واره‌كانی شاری عەین دێفلا باکووری خۆرئاوای وڵاته‌كه‌، سێ كه‌س گیانیان لەدەستدا.

ئێواره‌ی رۆژی دووشه‌ممه‌ (23ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایه‌ری 2023)، وەزارەتی بەرگریی جه‌زائیر، له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا ئاماژه‌ به‌وه‌ كردووه‌، هێلیکۆپتەرێکی سەربازیی جۆری MI-171 لە میانی گەشتێکی مەشقی بەرنامە بۆ داڕێژراودا لە ناوچەی عەتاف لە شاری عەین دێفلا کەوتووه‌تە خوارەوە.

ئه‌وه‌ش خراوه‌ته‌ڕوو‌، سێ كه‌س له‌ تیمی سەربازیی لەناو هێلیکۆپتەره‌كه‌دا گیانیان لەدەستداوە و هیچ زانیارییەکیش له‌باره‌ی هۆکارەکانی رووداوەکە نەخراوەتەڕوو.

هاوكات له‌ راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌دا ئاماژە بەوە کراوە، سەعید شه‌نقه‌ریحه‌، سەرۆکی ئەرکانی ئەرکانی سوپا، سەرەخۆشی له‌ کەسوکاری ئەو سەربازانە كردووه‌ کە گیانیان لەدەستداوە و جەختیش لەوە کراوەتەوە کە فەرمانی لێكۆڵینه‌وه‌ی له‌ هۆكاری کەوتنەخوارەوەی هێلیکۆپتەرەکە ده‌ركردووه‌.