خەمیس خەنجەر: هیچ دامەزراوەیەک ناتوانێت هەڕەشە لەسەقامگیری وڵات بکات

"ناکرێت دەست لە بژێوی و سەروەت و سامانی کوردستان بدرێت"

خەمیس خەنجەر
خەمیس خەنجەر

K24 - هەولێر:

خەمیس خەنجەر سەرۆکی هاوپەیمانی سەروەری، به‌شێوه‌یه‌كی ناڕاسته‌وخۆ ناڕەزایەتی بەرامبەر بە بڕیارەکەی ئەم دواییەی دادگەی باڵای فیدراڵی سەبارەت به‌ ناردنی پارەی حکومەتی فیدراڵی بۆ هەرێمی کوردستان ده‌رده‌بڕێت.

خەنجەر لە تویتێکدا، رایگەیاندووە، هێزە نیشتمانییەکان هەوڵی زۆریان داوە بۆ گەیشتن به‌م سه‌قامگیرییه‌ی لە وڵاتدا هه‌یه‌ و هیچ دامەزراوەیەک لە عێراق ناتوانێت جارێکی دیکە هەڕەشە لەم سەقامگیرییە بکات.

کوردستان گەلی ئێمەیە و ناکرێت دەست لە بژێوی و سەروەت و سامانیان بدرێت بە شێوەیەک دژایەتی ئەو تێگەیشتنە سیاسیانە بکات، کە حکومەتی ئێستای لەسەر دامەزراوە.

دوێنێ چوارشەممە (26ـی کانوونی دووەم) دادگەی ئیتیحادی عێراق، بڕیارێكی بۆ به‌ نایاسایی ناساندنی بڕیاری ناردنی شايسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان دەرکرد و، بڕیارەکەش کاردانەوەی لێکەوتەوە.

سه‌رۆك مه‌سعود بارزانی، له‌ باره‌ی نوێترین بڕیاری دادگای ئیتیحادی له‌ دژی هه‌رێمی كوردستان لە پەیامێکدا رایگه‌یاند، "بڕیارەكەی دادگای فیدڕاڵ، بەر لەوەی دژی هەرێمی كوردستان بێت، دژی پڕۆسەی سیاسی و دژی حكوومەتی عێراقی و دژی بەرنامەی خودی هاوپەیمانێتیی ئیدارەی دەوڵەتیشە".