رێواز فایەق: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی زەمینەی رێککەوتنی نێوان هەولێر و بەغدا دەشێوێنێت

رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان
رێواز فایه‌ق، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان

K24 - هەولێر

سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان رایدەگەیەنێت: بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی، زەمینەی لێکگەیشتن و رێککەوتن لەنێوان هەولێر و بەغدا دەشێوێنێت.

رێواز فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان لە تویتێکدا سەبارەت بە دوایین بڕیاری دادگای فیدراڵی لەبارەی ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان، نووسیویەتی: "بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی جگە لەوەی زیانی راستەوخۆی لەسەر شایستەییەکانی مووچەخۆران و خزمەتگوزارییە گشتییەکان هەیە، هاوکات زەمینەی لێکگەیشتن و رێککەوتن لەنێوان هەرێم و بەغداد دەشێوێنێت و ئاییندەی کاری پێکەوەیی و متمانە بە یەکترکردن دەخاتە بەردەم مەترسی و گومان".

دوێنێ 25/1/2023، دادگای فیدراڵی لە دوایین بڕیاریدا دژی هەرێمی کوردستان، سەرجەم ئەو بڕیارانەی هەڵوەشاندنەوە کە لە کابینەی مستەفا کازمی بۆ ناردنی پارە لە بەغداوە بۆ هەرێمی کوردستان دراون.

لە ساڵی 2014ـەوە حکومەتی عێراق بەشە بودجەی هەرێمی کوردستانی بڕیوە، بەڵام چەند جارێک بە رێککەوتن چەند بڕە پارەیەکی دیاریکراوی رەوانە کردووە، ئەمەش زۆربەی جار بە بڕیاری سیاسیی ئاستەنگی بۆ دروستکراوە و زۆربەی پیلانەکانیش لە رێگەی دادگای فیدراڵییەوە جێبەجێ دەکرێن.

Fly Erbil Advertisment