گواستنه‌وه‌ی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 قه‌ده‌غه‌ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:
وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق گواستنه‌وه‌ی ناسنامەی باری شارستانی بۆ ناوچه‌كانی مادده‌ی 140 راده‌گرێت تاوه‌كو چاره‌نووسی ئه‌و مادده ده‌ستوورییه یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
له نووسراوێكدا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی باری كه‌سێتی، پاسه‌پۆرت و نیشته‌جێبوون له وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراق بڕیاریدا بە راگرتنی مامەڵەی گواستنه‌وه‌ی ناسنامەی باری شارستانی هاووڵاتییان بۆ ئه‌و ناوچانه‌ی له چوارچێوه‌ی مادده‌ی 140ـی ده‌ستووردان، تاوه‌كو ئه‌و كاته‌ی چاره‌نووسی ئه‌و ماده‌یه یه‌كلایی ده‌بێته‌وه.
هه‌روها سه‌باره‌ت به‌و مامه‌ڵانه‌ی پێشتر ئه‌نجامدران و تاوه‌كو ئێستا ژماره‌ی نیشتمانی‌یان جێگیرنه‌كراوه، به‌هه‌مان شێوه له نووسراوه‌كه‌ی وه‌زاره‌تی ناوخۆی عێراقدا روونكراوه‌ته‌وه كه پێویسته بگه‌ڕێندرێنه‌وه بۆ شوێنی پێشووی خۆیان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه، فه‌همی بورهان، سه‌رۆكی ده‌سته‌ی گشتی ناوچه كوردستانییه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی ئیداره‌ی هه‌رێم رایگه‌یاند، ئه‌و بڕیاره هه‌نگاوێكی ئه‌رێنییه و پێشوازی له هه‌ر هه‌نگاوێكی له‌و جۆره ده‌كه‌ین كه بۆ ئاساییكردنه‌وه‌ی دۆخی ناوچه جێناكۆكه‌كان ده‌نرێت.
سه‌باره‌ت به‌و پرۆسه‌یه‌ش، فه‌همی بورهان روونیكرده‌وه، له‌ماوه‌ی رابردوودا له خانه‌قین، كه‌ركووك و ناوچه‌كانی دیكه هه‌وڵ هه‌بوو بۆ گۆڕانكاریی و گواستنه‌وه‌ی ناسنامه‌ی باری شارستانی هاووڵاتییان، به‌ڵام ئه‌م هه‌نگاوه ده‌بێته رێگر له‌به‌رده‌م ئه‌و هه‌وڵانه.
رۆژی دووشه‌ممه (28ـی تشرینی دووه‌م/نۆڤێمبه‌ری 2022)، خالید شوانی، وه‌زیری دادی عێراق له كۆنفراسێكی رۆژنامه‌وانیدا، پێكهێنانه‌وه‌ی لیژنه‌ی باڵای جێبه‌جێكردنی مادده‌ی 140ـی راگه‌یاند، كه له كارنامه‌ی په‌سه‌ندكراوی كابینه‌كه‌ی سوودانی ماوه‌ی مانگێكی بۆ دانرابوو.