ئاماده‌كاری بۆ ناسینه‌ی روفاتی ئه‌نفاكراوان و گه‌ڕانه‌وه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان ده‌كرێت

K24 – هه‌ولێر:

ئه‌ندامێكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق رایگه‌یاند، له‌ ساڵی 2019ـه‌وه‌ 172 روفاتی ئه‌نفالكراوانی ناوچه‌ی گه‌رمیان له‌ پزیشكی دادی به‌غدا دانراون و تاوه‌كو ئێستا نه‌گه‌ڕێندراونه‌ته‌وه‌ بۆ ناوچه‌كانی خۆیان له‌ هه‌رێمی كوردستان.

ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ (28ـی كانوونی دووه‌م/یه‌نایری 2023)، لیژنه‌یه‌كی هاوبه‌شی پزیشكی دادی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانی عێراق سه‌ردانی سلێمانییان كرد و جه‌ختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌، بۆ له‌مه‌ودوا بێ ئه‌نجامدانی پشكنینی (DNA) بۆ كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان و روفاته‌كان بۆ ناسینه‌وه‌یان، ناگه‌ڕێندرێنه‌وه‌.

به‌گوێره‌ی زانیارییه‌كانی كوردستان24، ئێستا 11 گۆڕى به‌كۆمه‌ڵ دۆزراونه‌ته‌وه‌ به‌ڵام هێشتا هه‌ڵنه‌دراونه‌ته‌وه به‌هۆی ئه‌و رێكارانه‌ی بۆ ناسینه‌وه‌ی روفاته‌كان ده‌گیرێته‌به‌ر، به‌هه‌مان شێوه‌ ئه‌و 172 روفاته‌ی له‌ پزیشكى دادى به‌غدایه‌، له‌ چاوه‌ڕوانی ناسینه‌وه‌ی ناوچه‌كانیان و ناسنامه‌كانیان ماونه‌ته‌وه‌.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، شوان محه‌ممه‌د، ئه‌ندامی لیژنه‌ی كاروباری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و زیندانی سیاسی له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، ئه‌و لیژنه‌ی ئه‌مڕۆ سه‌ردانی شاری سلێمانی كردبوو، به‌ مه‌به‌ستی دانانی نه‌خشه‌ی كار بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌یه‌كی گه‌وره‌ له‌ كۆكردنه‌وه‌ی نموونه‌ی خوێنی كه‌سوكاری ئه‌نفالكراوان له‌ سه‌رجه‌م ناوچه‌ جیاوازه‌كانی هه‌رێمی كوردستان بۆ ئه‌وه‌ی پشكنینی (DNA)یان بۆ بكرێت و بۆ ئه‌وه‌ی له‌ داهاتوودا له‌كاتی گه‌ڕانه‌وه‌ی روفاتی ئه‌نفالكراوان بناسرێنه‌وه‌.

سه‌باره‌ت به‌و 172 روفاته‌ی له‌ پزیشكی دادی به‌غدان، ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ روونیكرده‌وه‌، به‌پێی به‌دواداچوونه‌كانیان ئه‌و روفاتانه‌ خه‌ڵكی ناوچه‌ی گه‌رمیانن و گومان ده‌كرێـت هه‌ندێكیشیان خه‌ڵكی ناوچه‌ی شوان بن.

هه‌روه‌ها شوان محه‌ممه‌د سه‌باره‌ت به‌ كاروباره‌كانی ئه‌و لیژنه‌یه‌ ئاماژه‌ی به‌وه‌شكرد، له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌دواداچوونیان بۆ ئه‌و دۆسیه‌یه‌ كردووه‌ و جه‌ختیان له‌سه‌ر جێبه‌جێكردنی كردووه‌ته‌وه‌ كه‌ به‌پێی یاسا ئه‌رك و به‌رپرسیاریه‌تی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ كۆمه‌ڵه‌كان و ناسینه‌وه‌ی رووفاته‌كان له‌ ئه‌ستۆی پزیشكی دادی عێراق و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی گۆڕه‌ به‌كۆمه‌ڵه‌كانه‌، به‌ڵام ئه‌وان ئاماژه‌یان به‌وه‌كردووه‌ چاوه‌ڕێی دابینكردنی بودجه‌ی پێویست ده‌كه‌ن بۆ ده‌ستپێكردن به‌ كاره‌كانیان.

له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌، زه‌ید عه‌باس، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی پزیشكی دادی عێراق به‌ كوردستان24ـی راگه‌یاند، هه‌ڵده‌ستن به‌ وه‌رگرتنی نموونه‌ی خوێنی كه‌سوكاری شه‌هیدان و ئه‌نفالكراوان و دواتر به‌راوردیان ده‌كه‌ن به‌ ئه‌نجامی پشكنینی (DNA) روفاتی ئه‌نفالكراوان و سه‌رجه‌م ئه‌نجامی پشكنینه‌كانش له‌ خانه‌ی پزیشكی دادی عێراق ده‌پارێزرێن و چاوه‌ڕوانی ئه‌نجامی كۆتایی پشكنینه‌كان ده‌كه‌ن.