لە ئەمەریکا 20%ـی کۆی وزە لە رێگەی وزە نوێبووەکان بەرهەمدێت
K24 - واشنتن
بەهۆی ئاڵنگارییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا، زیادبوونی خواست لەسەر وزە و بەرزیی نرخی وزە نەریتییەکان، زۆر لە وڵاتان بەتایبەت ئەمەریکا ماوەی چەندین ساڵە روویان لە وەبەرهێنان لە سەرچاوە وزە بەردەوامەکان کردووە بۆ دابینکردنی وزە. پچڕانی زنجیرەی گواستنەوە بەهۆی سەرهەڵدانی پەتای کۆرۆنا و دواتریش شەڕی رووسیا – ئۆکراینا، تاڕادەیەکی زۆر بوونە لەمپەر لەبەردەم بۆ گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە، لە ئەمەریکا ئێستا 20%ی کۆی وزە لە رێگەی وزە نوێبووەکان بەرهەمدێت، کاریش لەسەر ئەوە دەکرێت لە ساڵانی داهاتوو ئەو رێژەیە زیاد بکرێت.
لە کۆنفرانسێکی تایبەت بە وزە بەردەوامەکانە لە واشنتن، بەرپرسانی وەزارەتی وزەی ئەمەریکا و ژمارەیەک کۆمپانیا تاتوێی دەرفەت و ئاڵنگارییەکانی گواستنەوەی سەرچاوەکانی وزە دەکەن.
ئەمەریکا بەتایبەت لەدوای دەستبەکاربوونی ئیدارەی جۆو بایدن، هەوڵدەدات پشت لە وزە نەریتییەکانی وەک نەوت و خەڵووز بکات و روو لە وزە پاک و بەردەوامەکان بکات و پابەندی رێککەوتنامەی پاریس بێت بۆ کەمکردنەوەی دەردانی گازە زیانبەخشەکان، ئەمەش لە کاتێکدایە 25%ی کۆی گازە ژەهراوییەکانی لە ئەمەریکا فڕێدەدرێنە نێو کەشی زەوی لە رێگەی وزە نەریتییەکانەوەیە.
ئێرنیست جۆڵی، بەڕێوەبەری وزە لە واشنتن دی سی دەڵێت: "پێموایە وەبەرهێنانێکی زیاتر لە وزە بەردەوامەکان دەکەین، لە پێنج بۆ دە ساڵی رابردوو بینیومە وەبەرهێنانێکی یەکجار زۆر لە پیل و توانای کۆگاکردنی وزە لە پیلدا کراوە، ئەمەش وادەکات کەمتر وزە نەریتییەکان بەکاربێن، ئێمە پێویستمان بە ستراتیژی گواستنەوەی وزە هەیە، پێشموایە دەتوانرێت زیاتر کار لە ستراتیژی گواستنەوەدا بکرێت".
بەرزبوونەوەی خواست لەسەر وزە، گۆڕانی کەشوهەوا، بەرزی نرخی نەوت و گاز، کە دوو سەرچاوەی سەرەکی دابینکردنی وزەن وڵاتانی هانداوە بیر لە سەرچاوەی دیکەی وزە بکەنەوە، وزە بەردەوامەکان، وەک تیشکی خۆر، ئاشەبا، هایدرۆ-پاوەر و هایدرۆجین گرنگرین سەرچاوەی ئەو جۆرە وزەیەن کە هەم تێچووی بەرهەمهێنانیان کەمترە، هاوکات ژینگەدۆستن. سەرەڕای وەبەرهێنانی ملیاران دۆلار، بەڵام بەرهەمهێنانی ئەو وزەیەش بێ ئاڵنگاری نییە.
تۆبیاس ویتنی،جێگری سەرۆکی کۆمپانیای فۆرتریس ئاماژەی بەوە دەکات: "یەکێک لە ئاڵنگارییەکان بەردەستبوونی زنجیرەی دابینکارییە، دڵنیابوون لەوەی تەکنەلۆژیا، سیستەم و سەرچاوەکان کاتێک پێویستن بەردەست بن. ئەو قەیرانانەی هەبوون وەک پەتای کۆرۆنا کاریگەریان دروستکرد، بە دڵنیاییەوە داگیرکردنی ئۆکراینا لەلایەن رووسیا هەندێک ئاڵنگاری دروستکردووە. لە روانگەی زنجیرەی دابینکارییەوە دەبێت کاری زیاتر لەو پیشەسازییەدا بکرێت بەتایبەت ئەوەی پەیوەستە بە بەندەرەکانەوە کە شەڕی رووسیا و ئۆکراینا دابینکردنی وزەی کەمکردووەتەوە، بێگومان ئەوەش یەکێکە لە نیگەرانییەکان".
وزە نوێبووەکان 20%ی کۆی ئەو وزەیە پێکدەهێنن کە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکا بەرهەمدێت، تێچووی هەر کیلۆواتێک لە کارەبا لە رێگەی گاز و نەوت زیاتر لە 11 سەنتە، لەکاتێکدا هەمان بڕ لە رێگەی وزە بەردەوامەکان 7 سەنتە. ئەمە وایکردووە خواست لەسەر ئەو سەرچاوانەی وزە زیاتر بێت و کۆمپانیا نەوتییەکانیش روو لە بەرهەمهێنانی وزەی نوێبوو بکەن.