سوننە و شیعە لەسەر دیارکردنی لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق ناکۆکن
چوار سەرۆک لیژنە بەر کورد دەکەوێت
K24 - بەغدا
ناکۆکی نێوان لایەنەکان رێگربوو لەوەی سەرۆک و جێگری سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمانی عێراق یەکلایی بکرێنەوە. بەپێی رێککەوتنی نێوان لایەنەکان، کورد چوار سەرۆک لیژنە و 10 جێگری سەرۆک لیژنەکانی بەردەکەوێت.
سۆزان مەنسوور، ئەندامی فراکیسۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق بە کوردستان24ی راگەیاند: "فراکسیۆنە کوردستانییەکان بە گشتی چوار سەرۆکی لیژنەیان بەردەکەوێت، لیژنەکان بریتین لە پەیوەندییەکانی دەرەوە، کۆچ و کۆچبەران، یاسایی و تەندروستی".
پێکھاتەکان گلەییان لە دیاریکردنی لیژنەکان ھەیە، ناڕازین لەوەی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران نەدراوە بە پێکھاتەی ئێزیدی، چونکە ئێستا ئیزیدییەکان زۆرترین ئاوارەی ناوچەکانی عێراق پێکدەهێنن.
لەوبارەوە شەریف سلێمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: "ئێستا نزیکەی 16 کەمپی ئاوارەکان لە دهۆک و دەوروبەری تەنیا ئێزدییەکان لێی نیشتەجێن، بۆیە سەرۆکی لیژنەی کۆچ و کۆچبەران مافی ئێزدییەکان دەزانین".
جگە لە کورد، لەسەر دیاریکردنی لیژنەکان، شیعە و سوننەش ناکۆکن، بەتایبەت سوننەکان، کە سەرۆکی پەرلەمان جێگۆڕکێی بە بەشێکی ئەندامانی لیژنەکان کردووە.