ئهمڕۆ 36 ساڵ بهسهر كۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدهپهڕێت
K24 - ههولێر:
ئەمڕۆ 36 ساڵ بەسەر کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی تێدەپەڕێت، سەرۆک بارزانی دەرباری ئیدریس بارزانی لە یاداشتێکدا نووسیویەتی "کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتووییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی".
ئیدریس، کوڕی گەورەی مەلا مستەفا بارزانی لە ساڵی 1944 لە گوندی بارزان لە دایکبوو. لە نێو ھەلومەرجی شۆڕشی سێیەمی بارزان (1943 – 1945) ھاتووهتە سهردنیا. ساڵی 1947 مەلا مستەفا بارزانی لەگەڵ 500 کەس لە ھەڤاڵانی رەوانەی یەکێتیی سۆڤیەتی دەبن. ئیدریس ئەوکات تەمەنی چوار ساڵان دەبێت، لەگەڵ بنەماڵەکەیاندا لە لایەن رژێمی ئەو کاتی عێراق بۆ ماوەی 11 ساڵ بۆ باشووری عێراق دووردەخرێنەوە و لە شارەکانی بەسرە، مووسڵ و بەغدا تووشی ژیانێکی پڕئەستەم دەبن. ئیدریس تا گەڕانەوەی مەلا مستەفا بارزانی بۆ عێراق و کوردستان لە 1958دا لە بەغدا درێژە بە خوێندن دەدات. پاشان دەگەڕێتەوە بۆ کوردستان.
سهرۆک مهسعود بارزانی، له بهرگی چوارهمی کتێبی "بارزانی و بزووتنەوەی ڕزگاریخوازی کورد – شۆڕشی گوڵان"، ستایشی ئیدریس بارزانی دهکات و دەڵێ، "کاک ئیدریس، مرۆڤێکی زۆر گەورە بوو، گەورەیییەکەشی لە تێگەیشتوویی و پێگەیشتوویییەکەیەوە سەرچاوەی گرتبوو و ببووە هۆی نەرمونیانییەکەشی".
سهرۆک بارزانی له کتێبهکهیدا بۆ کاک ئیدریس نووسیویهتی: "کەسێکی لەخۆبوردوو و خاکی بوو، لێبووردە بوو و بیری لە تۆڵەکردنەوە نەدەکردەوە، زۆر جار خەڵکی ئاسایی و هەژاری بە ئەندامێکی خێزانەکەی دەزانی، هەستکردن بە کەموکورتیی لای بەرانبەر دەڕەواندەوە"
له گێڕانهوهی یادی کاک ئیدریس بارزانی باسی ههستی هاوکارییهکهی کردووه، که "ئەمەش بووە هۆی ئەوەی کاک ئیدریس جێی خۆی لە دڵی خەڵک و هەموو چین و توێژەکاندا بکاتەوە و بە پشتوپەنا و فریادڕەسی خۆیانی بزانن".
سهرۆک بارزانی ئاماژهی بهوهشدەکات، "سەرەڕای هەموو ئەو مەترسییانەی هەبوون، زۆر جار کاک ئیدریس بریندار و پێشمەرگەی لە ماڵی خۆی دەپاراستن و بۆ چارەسەرکردنیشیان لەسەر ئەرکی خۆی ڕەوانەی نەخۆشخانەی دەکردن".
لەبارەی هەوڵەکانیەوە بۆ ئاشتەوایی سەرۆک بارزانی دەڵێ، " کاک ئیدریس بڕوایەکی تەواوی بە پاراستنی ناسنامە و شوناسێکی یەکگرتووی ناو بزاڤی رزگاریخوازی کورد هەبوو، بایەخ و گرنگی زۆری بە فرەلایەنی دەدا لە ژیانی پارتایەتیدا، ئەم دوو فاکتەرە هۆکاری سەرەکی بوون لە رەخساندنی دەرفەتی ئاشتبوونەوەی گشتی لە ساڵی 1986، بەو هۆیەشەوە نازناوی ئەندازیاری ئاشتبوونەوەی گشتیی پێ بەخشرا."
لەبارەی دەستپێکردنەوەی شۆرشی چەکداری دوای نسکۆی 1975 سەرۆک بارزانی لە کتێبەکەیدا دەڵێت: "کاک ئیدریس لەپێناو دەستپێکردنەوەی شۆڕشی چەکداریی دوای نسکۆی 1975، بەگیانی پێشکەوتن و داهێنان و بە رەوشتێکی بەرزەوە کاری دەکرد. ئەم نسکۆیە هەستی کاک ئیدریسی بە بەرپرسیاریەتیی دوو ئەوەندە زیادکرد و، وەک کەسێکی بەرپرسیار لەبەرانبەر رووداوەکاندا کاری دەکرد. لە هەرشوێنێک بوایە، کورد لە دەوری کۆدەبوونەوە و شوێنی گازندە و هیوا و ئومیدی خۆیان لە کاک ئیدریسدا دەبینییەوە".