دوای 100 رۆژ لە کابینەکەی سوودانی هیچ هەنگاوێک لەبارەی ماددەی 140 نەنراوە
بڕیاربوو لیژنەی ماددەی 140 کارا بکرێتەوە
K24 - کەرکووک
لە كارنامەی حكومەتەكەی محەممەد شیاع سوودانی سەرۆكوەزیرانی عێراق پرسی ئاساییكردنەوەی كەركووك و ناوچە كوردستانییەكانی دیكە جێگیركراوە، بڕیاریش بوو بەپێی ئەو رێككەوتنەی لە نێوان حكومەتی هەرێمی كوردستان و لایەنە بەشداربووەكانی حكومەتی نوێی عێراق لە ماوەی مانگێكدا لیژنەی مادەی 140 كارا بكرێتەوەو دواتر دەست بە جێبەجێكردنی قۆناغەكانی ئەو ماددە دەستورییە بكرێت، بەڵام دوای 100 رۆژ هیچ هەنگاوێك بۆ ئەم پرسە نەنراوە.
هاووڵاتیانی كەركووك گەشبین نین و دەڵێن، بەغدا راستگۆ نییە لەگەڵ كورد. كاروان نەعمان، هاووڵاتییەکی دانیشتووی كەركووكە و دەڵێت: "لە کابینەکەی سوودانی هیچ هەنگاوێک لەبارەی دۆخی کەرکووک و ناوچە کوردستانییەکان نەنراوە و هیچ گۆڕانکارییەک نەکراوە، نە سوودانی و نە ئەوانی دیکەش ناتوانن گۆڕانکاری بکەن، چونکە بڕیار بە دەست خۆیان نییە و وڵاتانی دەوروبەر دەستوەردان دەکەن".
هاووڵاتییەکی دیکەی دانیشتووی کەرکووک بەناوی فەرەیدون ئەحمەد، بە کوردستان24ی گوت: "تەعریب لە کەرکووک زیاتری کردووە و هیچ نەکراوە بۆ جێبەجێکردنی ماددەی 140".
بڕیاربوو لە كابینەی نوێی حكومەتی عێراقدا كار بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركووك بكرێت. دوای 100 رۆژ، هیچ هەنگاوێك لەمبارەوە نەنراوە، بەگوتەی هاووڵاتییان، دۆخی كەركووك خراپتر بووە.
سەرەتای دروستبوونی هەر كابینەیەكی حكومەتی عێراق، كورد داوای جێبەجێكردنی دەستوری كردووە، مادەی 140یش وەك پێشمەرجی بەشداریكردن لە كارنامەكانی حكومەت جێگیركراوە، بەڵام لە سەرجەم كابینەكانی رابردوودا هیچیان خاوەن بەڵێنی خۆیان نەبوون.
لەم كابینەیەشدا، هەرچەندە لیژنەیەك بۆ كاراكردنەوەی ماددەی 140 پێكهێنراوە، بەڵام ئاستەنگی بۆ دروستكراوە.
لەوبارەوە كاروان عادل كەمەرخان، بەرپرسی نووسینگەی كەركووكی دەستەی گشتی ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم بە کوردستان24ی گوت: "بەداخەوە لە دوای 16ی ئۆکتۆبەری 2017، بە بەڵگەوە هاتنی عەرەبی هاوردە بۆ کەرکووک بەردەوامە تائێستا کە 100 رۆژ تێدەپەڕێت بەسەر کابینەی سوودانی".
گوتیشی: "لە سەرەتای کابینەی سوودانی بڕیاربوو لە ماوەی 30 رۆژدا لیژنەی ماددەی 140 کارا بکرێتەوە، بەداخەوە دوای 100 رۆژ تائێستا کارا نەکراوەتەوە، لەکاتێکدا داگیرکردنی زەویی و زاری هاووڵاتییانی کورد بەردەوامە".
كێشەی خاك و ناوچە كوردستانییە دابڕێنراوەكان لە هەرێمی کوردستان، زیاتر لە نیو سەدەیە خاڵی ناكۆكی نێوان كورد و حكومەتە یەك لە دوای یەكەكانی عێراقە، كورد سازشی لەسەر نەکردووە،و لە پێناویدا، چەندین رێگەی بۆ چارەسەرکردن تاقیكردووەتەوە، بەڵام تائێستا پرسەکە بێ چارەسەر ماوەتەوە.