ڤیدیۆ ساختەکانی ئەمڕۆ کامانە بوون؟

K24 - هەولێر:

بەرە بەیانی ئەمڕۆ بومەلەرزەیەکی بەهێز و ژمارەیەک پاشلەرزە 10 پارێزگای تورکیا و باکووری کوردستانییان هەژاند و دواتریش چەندین وێنە و ڤیدیۆی رووداوەکە بڵاوبووەوە، کە هەندێکیان ساختە بوون و هی ئەمڕۆ نەبوون.

یەکێک لەو ڤیدیۆیانە، داڕمانی باڵەخانەیەکە، کە چەندین پەیج و هەژمار لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەهەڵە و بەڕێکەوتی ئەمڕۆ بڵاویانکردەوە، لەکاتێکدا مێژووی ڤیدیۆکە بۆ ساڵی 2020 دەگەڕێتەوە، کە لەو کاتەدا بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 6.6 رۆژئاوای تورکیا دەهەژێنێت و دەیان قوربانی لێدەکەوێتەوە.

یەکێکی دیکە لەو ڤیدیۆ ساختانەی ئەمڕۆ بەناوی دیمەنێکی بوومەلەرزەکەی تورکیا و باکووری کوردستان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبوویەوە، ڤیدیۆی چۆڵکردنی باڵەخانەیەکە کە لە راستیدا مێژووی رووداوەکە بۆ تشرینی یەکەمی 2022 دەگەڕێتەوە، رووداوەکەش لە باکووری رۆژئاوای تورکیا روویدابوو کاتێک بوومەلەرزەیەک بەگوڕی 5.9 پلەی رێختەر ئەو ناوچەیەی هەژاند.

.

ڤیدیۆیەکی دیکە کە پلاتفۆڕمی میسبار بۆ بەدواداچوون بۆ راستی هەواڵەکان بڵاویکردووەتەوە، ڤیدیۆی ژنە پێشکەشکارێکە، کە لەکاتی پێشکەشکردنی هەواڵەکاندا بوومەلەرزەیەک روودەدات و ستۆدیۆی کەناڵەکە دەلەرێتەوە، هەرچەندە ڤیدیۆکە لەلایەن چەند شوێنێکەوە بە رێکەوتی ئەمڕۆ بڵاوکراوەتەوە و بانگەشەی ئەوە کراوە، ژنەکە پێشکەشکاری کەناڵی ئەل-شەرقی تورکیە، بەڵام ڤیدیۆکە هاوکات نییە لەگەڵ بوومەلەرزەکەی ئەمجارەدا و مێژووەکەی بۆ تشرینی دووەمی 2022 دەگەڕێتەوە، هەروەها ژنە پێشکەشکارەکەش لە ستۆدیۆی کەناڵی NTVـی تورکی هەواڵ پێشکەشدەکات.

بەرە بەیانی ئەمڕۆ دووشەممە 6ـی شوباتی 2023، بومەلەرزەیەک بە گوڕی 7.8 پلەی رێختەر 10 شاری تورکیا و باکووری کوردستانی هەژاند، دواتریش زیاتر لە 50 پاشلەرزە روویاندا، کە بەهۆیانەوە زیاتر 1014 کەس گیانیان لەدەستدا و هەزاران کەسی دیکەش برینداربوون.

دووەم بوومەلەرزەش دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ روویدا، کە بە گوڕی 7.6 پلەی رێختەر بوو، هاوکات لە شارەکانی هەرێمی کوردستانیش هەستی پێکراوە.

.
Fly Erbil Advertisment