یەکێتی ئەوروپا بودجەی هاوکاری سەرەتایی لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی دەستنیشانکرد

K24 - برۆکسل:
ئەمڕۆ 27 سەرکردەی ئەوروپا لە برۆکسل کۆدەبنەوە و ڤۆڵۆدیمێر زیلێنسکی، سەرۆکی ئۆکرانیاش بۆ کۆکردنەوەی هاوکاری بۆ وڵاتەکەی رووی لە برۆکسل کردووە و بەشدار دەبێت.
پێش کۆبوونەوەکەش لە بەیاننامەیەکدا یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا، هاوکاری سەرەتای بە بڕی 3.5 ملیۆن یۆرۆ بۆ بوومەلەرزەکەی سووریا پێشکەش بکات لە رێگەی رێکخراوە مرۆییەکان و دەزگاکانی نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ دابینکردنی شوێنی حەوانەوە و ئاوی پاک و کەرەستەی سەرەتای و تەندروستی.
هاوکات یەکێتی ئەوروپا میوانداریکردنی کۆنفرانسی خێرخوازانی راگەیاند، بۆ کۆکردنەوەی پارە لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و ناردنی بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکەی تورکیا و سووریا.
لەلایەکی دیکەوە یەکێتی ئەوروپا بڕیاریدا هاوکاری سەرەتای بەبڕی سێ ملیۆن یۆرۆ بۆ تورکیا تەرخان بکات و سەڕەرای ئەوەش زیاتر لە 25 وڵاتی ئەوروپا کۆمەک و هاوکاریان ناردووە بۆ لێقەوماوانی بوومەلەرزەکە.