کۆڵبەرێکی کورد بە تەقەی سوپای پاسداران گیانی لەدەستدا

K24 - هەولێر:
درەنگانی شەوی رابردوو کۆڵبەرێکی کورد لە سنووری گوندی زەڵێ بەهۆی تەقەی سوپای پاسدارانی ئێرانەوە گیانی لەدەستدا.
بە گوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری کوردستان24، کۆڵبەرە کوردەکە خەڵکی ناوچەی رەبەتی شاری سەردەشتە و تەمەنی 50 ساڵە.
رووداوەکە لە سنووری گوندی زەڵێی سەربە ناحیەی هەڵشۆ لە قەزای پشدەر روویداوە.
ژمارەیەک لە دانیشتوانی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان، بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانیان، بە رێگا سەخت و شاخاوییەکاندا دێنە سەر سنوورەکانی هەرێمی کوردستان و کاری گواستنەوەی کەلوپەل دەکەن، بەڵام حکومەتی ئێران، کاری ئەو کۆڵبەرانەی بە نایاسایی و قەدەغە ناساندووە.