"هه‌ر ده‌زگایه‌كی میدیایی هه‌واڵی ناڕاست دژی بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی و رابه‌ره‌كه‌ی بڵاوبكاته‌وه‌ رووبه‌ڕووی یاسای ده‌كه‌ینه‌وه‌"

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی
بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی

K24 - هەولێر:

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی رایده‌گه‌یه‌نێت، سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەناڵ و ماڵپەرێک تۆماردەکەین، كه‌ هەواڵی ناڕاست دژی بزووتنەوەی ئیسلامی و خودی رابەری گشتی بڵاودەکەنەوە.

ئه‌مڕۆ (چوارشه‌ممه‌ 15ـی شوبات / فێبرایه‌ری 2023)، مەکتەبی راگەیاندنی بزووتنەوەی ئیسلامی، روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌، تێیدا هاتووه‌: بزووتنەوەی ئیسلامی هەمیشە هەوڵی هێنانەدی ئاسایش و ئارامی داوە لە هەرێمی کوردستان، لەو پێناوەشدا باجی گەورەی داوە، بەڵام ژمارەیەک راگەیاندن و پەیجی ئاراستەکراو بۆ تێکدانی دۆخی هەرێمی کوردستان و دەستکەوتنی ژمارەیەک لایک و کۆمێنت، هەواڵی ناڕاست و هەڵبەستراو لە بەرانبەر بزووتنەوەی ئیسلامی و خودی جەنابی رابەری گشتی بڵاودەکەنەوە.

هه‌روه‌ها بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی هۆشداری ده‌دات، كه‌ سکاڵای یاسایی لەسەر هەر کەناڵ و ماڵپەرێک تۆماردەکەن، ئه‌گه‌ر تۆمەت و هەواڵی ناڕاست لەسەر رابەری گشتی و بزووتنەوەكه‌ بڵاوبكه‌نه‌وه‌.

بزووتنه‌وه‌ی ئیسلامی ئه‌وه‌شی خستووه‌ته‌ڕوو، بەهەموو دڵسۆزان و خەمخۆرانی بزووتنەوەی ئیسلامی رادەگەیەنین، هەر جۆرە هه‌واڵێکی چەواشەکارانە، ساردمان ناکاتەوە.

Fly Erbil Advertisment