فوئاد حوسێن: په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتن گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ كه‌ باسی پرسه‌ ئابوورییه‌كان بكه‌ین

"پێشتر باسی پرسه‌ ئه‌منییه‌كانمان ده‌كرد، چونكه‌ ئاسایشی عێراق ئه‌وكات سه‌قامگیر نه‌بوو"

فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تله‌تینكه‌وه‌
فوئاد حوسێن، وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تله‌تینكه‌وه‌

K24 - هەولێر:

وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق رایده‌گه‌یه‌نێت، پێشتر بۆ كێشه‌ و گرفته‌ ئه‌منییه‌كان ده‌هاتینه‌ واشنتن، تا هاوكاریمان بكه‌ن، ئێستا بۆ ئه‌وه‌ هاتووین باس له‌ گرفته‌ ئابووریی، وه‌به‌رهێنان و كێشه‌ی بانكه‌كان بكه‌ین.

فوئاد حوسێن جێگری سه‌رۆك وه‌زیران و وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی عێراق، له‌ میانه‌ی گوتارێك له‌ ئه‌نجوومه‌نی ئه‌تله‌تینك له‌ واشنتنه‌وه‌ رایگه‌یاند، سه‌ردانه‌كه‌ی ئێمه‌ بۆ واشنتن، بۆ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ باشه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌مه‌ریكا هه‌مانه‌.

ده‌شڵێت: "پێویسته‌ ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێز بكه‌ین و بیپارێزین، هه‌روه‌ها بۆ ئه‌وه‌ش هاتووین كه‌ باسی په‌یوه‌ندییه‌ ئابووری و كێشه‌كانی بكه‌ین".

فوئاد حوسێن هه‌روه‌ها گوتی: "پێشتر عێراق كێشه‌ی ئاسایش و جه‌نگی داعشی هه‌بوو، جاران بۆ ئه‌وه‌ ده‌هاتینه‌ واشنتن، به‌ڵام له‌م قۆناغه‌دا په‌یوه‌ندییه‌كانی به‌غدا و واشنتن گه‌یشتووه‌ته‌ ئه‌و ئاسته‌ باسی ئابووری بكه‌ین، هه‌روه‌ها گفتوگۆ له‌باره‌ی ئه‌وه‌ بكه‌ین كه‌ كۆمپانیا ئه‌مه‌ریكییه‌كان چی بكه‌ن له‌ عێراق و ئه‌مه‌ریكا چۆن هاوكاریمان ده‌كات تاكو له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ بكه‌وینه‌ سه‌ر پێی خۆمان".

فوئاد حوسێن گوتیشی: "له‌ ئه‌مه‌ریكا باسی كێشه‌ی بانكه‌كان، وه‌به‌رهێنان و نه‌وت و كاره‌بامان كردووه‌".

Fly Erbil Advertisment