هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا كه‌وته‌خواره‌وه‌ و قوربانی لێكه‌وته‌وه‌

هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی (وێنه‌كه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ دانراوه‌)
هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی (وێنه‌كه‌ بۆ روونكردنه‌وه‌ دانراوه‌)

K24 - هه‌ولێر:

هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكا له‌ ویلایه‌تی ئالابامای ئه‌و وڵاته‌ كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رنشینه‌كه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا.

ئێواره‌ی رۆژی چوارشه‌ممه‌ (15ـی شوبات/فێبرێوه‌ری 2023)، هێلیكۆپته‌رێكی سه‌ربازی ئه‌مه‌ریكی له‌ جۆری "بلاك هۆك" نزیك شاری هانتسفیڵ له‌ ویلایه‌تی ئالاباما كه‌وته‌ خواره‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رنشینه‌كه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا.

له‌وباره‌وه‌ دون ویستر، ئه‌ندامی تیمی فریاكه‌وتنی خێرای ته‌ندروستی له‌ شاری هانتسفیڵ به‌ میدیاكانی ئه‌و وڵاته‌ی راگه‌یاند، دوای كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی، ئاگر له‌ هێلیكۆپته‌ره‌كه‌ كه‌وته‌وه‌ و به‌هۆیه‌وه‌ هه‌ردوو سه‌رنشینه‌كه‌ی گیانیان له‌ده‌ستدا. له‌لایه‌كی دیكه‌وه‌ تۆڕی هه‌واڵی (فۆكس نیوز)ـی ئه‌مه‌ریكی بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، به‌هۆی رووداوه‌كه‌وه‌ هیچ هاووڵاتییه‌ك له‌ نزیك شوێنی رووداوه‌كه‌ بریندار نه‌بووه‌.

 

 

له‌نێو تۆڕه‌ كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كاندا ساتی كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی هێلیكۆپته‌ركه‌ی جۆری "بلاك هۆك" بڵاوبووه‌ته‌وه‌، كه‌ دوای كه‌وتنه‌ خواره‌وه‌ی تۆپێكی دووكه‌ڵی زه‌به‌لاحی دروستكردووه‌.

هه‌ر له‌وباره‌وه‌، ماڵپه‌ری (رێدستون ئه‌رسناڵ)ـی سه‌ر به‌ سوپای ئه‌مه‌ریكا بڵاویكردووه‌ته‌وه‌، ئاگاداری رووداوه‌كه‌ن و لێكۆڵینه‌وه‌كان له‌باره‌ی رووداوه‌كه‌وه‌ به‌رده‌وامن.